Accessibility links

ئەڵمانیا بە یارمەتییەکی سەربازیی 3 ملیار یۆریی بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت


حکومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند وڵاتەکە یارمەتییەکی سەربازیی دیکە دەدات بە ئۆکرانیا کە بەهاکەی دەگاتە زیاتر لە 2.7 ملیار یۆرۆ، یارمەتییەکان تانک و سیستمی دژە فڕۆکە و تەقەمەنییان تێدا دەبێت.

ڕاگەیاندنەکە پێش سەردانەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دێت بۆ ئەڵمانیا، کە ئەوەش یەکەمین سەردانی زێلێنسکی دەبێت بۆ ئەڵمانیا لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە وڵاتەکەیدا.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەس وتی بەرلین ویستوویەتی بەو یارمەتییە نوێیەی پیشانی بدات کە " ئەڵمانیا جددییە لە پشتیوانییەکانیدا بۆ ئۆکرانیا."

وتی " تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بکات ئەڵمانیا ئەوەندەی لە توانایدا بێت سەرجەم یارمەتییەکان دابین دەکات."

پێشبینی دەکرێت زێلێنسکی سەردانی ئەڵمانیا بکات، بەڵام هێشتا بەرپرسانی بەرلین بە ئاشکرا سەردانەکەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە، ئەوەش بەهۆی هۆکاری ئاسایشییەوە، سەردانەکەش بە نیشانەیەک دادەنرێت لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و ئۆکرانیا باشتر بوون.

کیێڤ لە مێژە گومانی هەبووە لە پشتبەستنی ئەڵمانیا بە وزەی ڕووسیاوە و پشتیوانیکردنی لە هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم. نۆرد ستریم هۆکار بووە بۆ ئەوەی ئەو گازەی لە ڕووسیاوە ڕەوانەی ئەوروپا دەکرا بە ئۆکرانیادا تێپەڕ نەبێت، کە ئۆکرانیا داهاتێکی لێوەی دەست دەکەوت. ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ داکۆکی لە بۆریی گازی نۆرد ستریم دەکرد.

بەڵام ڕاوێژکاری ئێستای ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز ڕازیبوو بە بڕینی هاوردەکردنی وزەی ڕووسیا، ئەوەش دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیادا، بەڵام شۆڵز لە سەرەتادا دوودڵ بوو لە پێدانی چەکی کوشندە بە ئۆکرانیا، ئەوەش لە ترسی ئەوەی ئەڵمانیا ڕابکێشرێتە جەنگەکەوە.

بەڵام دواتر ئەڵمانیا ڕازیبوو چەکی کوشندە بدات بە ئۆکرانیا و بووە یەکێک لە گەورەترین دابینکارانی چەک بۆ ئۆکرانیا، بە تایبەتی ڕازیبوونی لەسەر ڕەوانەکردنی تانکی لیۆپاردی 1 و 2 ی دروستکراوی ئەڵمانی بۆ ئۆکرانیا. هاوکات سیستمی دژە فڕۆکەی پێشکەوتووی بەو وڵاتە داوە، کە زۆر پێویست بووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا.

یارمەتییە نوێیەکە بریتیە لە 30 تانکی لیۆپاردی 1 و 20 ئوتومبێلی گواستنەوەی سەربازی ماردەر و زیاتر لە 100 ئوتومبێلی شەڕکەر و 18 هاویتزەر و 200 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیدەوانی و چوار سیستمی دژە فڕۆکەی ئایریس – تی و کەلوپەلی دیکەی بەرگری سەربازیی. ئەم یارمەتییە دوای ئەوە هات فەرماندە سەربازییەکانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بەوەدا کە سەربازەکانی ئۆکرانیا ناوچەی زیاترییان لە نزیک شاری باخموتی ڕۆژهەڵاتەوە لە ژێر دەستی هێزەکانی ڕووسیادا دەرهێناوەتەوە.

زێلێنسکی دوای سەردانەکەی بۆ ڕۆما و ڤاتیکان سەردانی ئەڵمانیا دەکات. پۆلیسی بەرلین تەوقێکی ئاسایشی سەرانسەری ناوچە حکومییەکەی پایتەختی داوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG