Accessibility links

مێرکڵ لیستی کاندیدەکانی حزبەکەی بۆ حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا ڕاگەیاند


ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کە بۆخۆشی سەرۆکی پارتی کریستیانی دیموکراتە، ناوی ئەو کەسایەتیـیانەی ڕاگەیاند کە بەنیازە لە بەشی حزبەی لە حکومەتی داهاتوو پـۆستە وەزاریـیەکانی پـێبسپـێرێت.

ئاژانسی دۆچێ ڤێلێی ئەڵمانیا دەڵێت بەپـێی بەشداربووان لە کۆمیتەکانی پارتی کریستیانی دیموکرات، ئەنگێلا مێرکڵ شەوی یەکشەممە ناوی ئەو کەسایەتیانەی ڕاگەیاندووە کە ئەو شەش وەزارەتە بگرنەدەست، ئەوەی لە ئەنجامی دانوستاندنەکان لەگەڵ پارتی سۆشیالست بۆ پـێکهێنانی حکومەتی نوێ پـێی گەیشتوون.

دەڵێن خانم مێرکڵ هەریەک لە ئاورزولا فن در لاین وەزیری بەرگری و پـیتەر ئاڵتمایەر وەزیری ئابوری لە پـۆستەکانیان دەهێڵێتەوە.

مێرکڵ لەم بارەیەوە گوتویەتی لیستی وەزیرانی حزبەکەی کە سێ ژن و سێ پـیاون، تێکەڵەیەکە لە کەسانی خاوەن ئەزمون و دەموچاوی نوێ.

لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی پارتی سۆشیالیستە کە هێشتا ناوی کاندیدەکانی ڕانەگەیاندووە بۆ ئەو شەش وەزارەتەی بڕیاردراوە لە حکومەتی نوێدا پـێـیان بدرێت.

چاوەڕوان‌دەکرێت ئەندامانی پارتی سۆشیالیست لە 4 ی مانگی سێ لە دەنگدانێکی ناوخۆی حزبەکەیاندا کە بە ڕێگەی پـۆست و ئنتەرنێتەوە سازدەکرێت، دەنگ لەسەر ئەو حکومەتە هاوبەندیـیە پـێشنیارکراوە بدەن. ئەگەر بێت و ئەنجامەکان بە نەخێر بوو، ئەوا ئەڵمانیا ڕووبەڕووی کێشەیەکی سیاسی دەبێتەوە کە ڕەنگە ناچارببێت هەڵبژاردنی پـێش وەخت ئەنجام بدات.

XS
SM
MD
LG