Accessibility links

حیزبەکەی مێرکڵ مانگی داهاتوو سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێرێت


حیزبی پارێزگارانی ئەڵمانیا بە ڕابەرایەتی ئانگێلا مێرکڵ ڕایگەیاند لە 15 و 16 ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا کۆنگرەیەک ساز دەکات و تیایدا لەڕێی ئۆنلاینەوە سەرۆکی نوێ بۆ حیزبەکە و کاندید بۆ پۆستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەڵدەبژێرێت.

لە کۆنگرەکەدا، لە دەنگدانێکی ئەلیکترۆنیدا یەکێک لە سێ کاندیدەکە هەڵدەبژێردرێت، هەروەها لەڕێی دەنگدانەوە بە پۆستە نوێنەرانی حیزبەکە لە 22 ی هەمان مانگدا براوەی هەڵبژاردنەکە ڕادەگەیەنن.

سکرتێری گشتی حیزبەکە پۆڵ زیمیاک لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " لە 22 ی مانگی یەکدا پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئاشکرا دەبێت و لیژنەی هەڵبژاردنەکان ئەنجامەکە ڕادەگەیەنن."

وابڕیاربوو ئەم کۆنگرەیە لە مانگی چواری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخرا بۆ مانگی دوانزە.

حیزبەکەی مێرکڵ دەبێت یەکێک لە سێ کاندیدەکە هەڵبژێرن، ئەوانش ئارمین لاچیتی سەرۆکی کەرتی باکووری ڕاین ڤیستڤاڵیا و فریدریک مێرتسی لیبڕاڵ کە بە ڕکابەرێکی مێژوویی مێرکڵ دادەنرێت و هەروەها نۆربەرت ڕۆتگینی شارەزا لە سیاسەتی دەرەوەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG