Accessibility links

ئەڵمانیا دوودڵە سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی لە مالی تاوەکو ساڵی 2024


وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەس
وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەس

وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەس پشتڕاستی کردەوە کە بەرلین ڕەنگە پێش ئەو ماوەیەی دیاریکراوە بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە مالی کە دەکاتە مانگی پێنجی ساڵی 2024 ، هێزەکانی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە.

پیستۆریەس کە لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا وەکو وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا دەستنیشان کرا، بە ڕۆژنامەی سوچدۆیچە زایتنی وت کارەکانی ئەنجومەنی سەربازیی مالی ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی زووتر هێزەکانمان بکشێنینەوە.

وتی " لە ژێر ئەم هەلومەرجەی ئێستادا مانەوە تاوەکو ساڵی 2024 مانای تێدا نیە." وتیشی لە مانگی پێنجدا بڕیارێک لەسەر ئەو بابەتە دەدرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا بەرلین ئاماژەی بەوەدا بوو هێزەکانی ئەڵمانیا تەنها لە حاڵەتێکدا تاوەکو ساڵی 2024 لە مالی دەمێننەوە کە ئەگەر ئەنجومەنی سەربازی مالی ڕێگەیان بدات ئازادانە کاربکەن، بە ئەنجامدانی ئەرکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیشەوە، هەروەها مەرجێکی دیکە ئەوەیە هەڵبژاردنەکان لە مالی بەڕێوەبچن.

پیستۆریەس لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەدا دوایین ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئەڵمانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە مالی " پێش کریسمس " بووە.

وتی " ئەگەر سەربازەکانمان نەتوانن بچنە دەرەوەی کامپەکەوە یاخود تەنها لە مەودایەکەی بچووکدا بتوانن بجوڵێن چونکە ناتوانن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاربهێنن، ئەوا ناتوانین ئەرکەکەمان بە تەواوەتی جێبەجێ بکەین."

پیستۆریەس وتی بوونی هێزەکان لەوێ بووەتە " بە فیڕۆدانی پارە و کات، لەسەروو هەمووشیەوە سەربازەکانمان کە لە خێزانەکانیان دوورکەوتوونەتەوە و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە."

هەروەها ڕاشیگەیاند پێش ئەوەی لە مانگی پێنجدا بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدرێت سەردانی مالی دەکات تاوەکو " خۆی هەمووشتەکان ببینێت."

نزیکەی 1100 سەربازی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ئەرکی هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە مالین.

هێزەکانی ئەڵمانیا ڕووبەڕووی زیادبوونی قورساییەکان بوونەتەوە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا، ئەوەش بەهۆی ڕاگرتنی ئەرکە دیدەوانییەکانیانەوە دوای ئەوەی ئەنجومەنی سەربازی مالی مافی بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی لێسەندنەوە.

لە ساڵی 2020 دا مالی ڕووبەرووی کودەتایەکی سەربازی بووەوە، دواتریش لە مانگی پێنجی ساڵی 2021 دا ڕووبەڕووی دووەمین کودەتای سەربازی بووەوە.

لە ساڵی 2012 وە مالی ڕووبەڕووی یاخیبوونی جیهادییەکان بووەتەوە، هەزاران کەس کوژراون و سەدان هەزاران کەسیش ئاوارە بوون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG