Accessibility links

دادگایـیکردنی کوردێکی تاوانبار لە ئەڵمانیا دەستیپـێدەکات


دادگاییکردنی کوردێک لە ئەڵمانیا دەستیپـێکرد کە تاوانبارە بە لاقەکردن و کوشتنی کچێکی نەوجەوانی ئەڵمانی لە مانگی پـێنجی ساڵی 2018 لە شاری ڤیسبادنی ئەڵمانیا.

عەلی بەشار، تەمەن 22 ساڵ، ئەمڕۆ سێشەممە لە ژێر چاودێریـیەکی توندی هێزەکانی ئاسایشی ئەڵمانیا لە دادگایەکی شاری ڤیسبادن دادگایی کرا. ناوبراو لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا دانی‌ناوە بە کوشتنی کچەکە، بەڵام ڕەتیکردەوە لاقەی کردبێت.

ژمارەیەکی زۆری میدیاکان لەوێ ئامادەبوون و هەروەها خەڵکێکی زۆریش هاتبوون.

پـۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت عەلی بەشار لە دارستانێکی نزیک ئەو کەمپەی لێی دەژیا لە شاری ڤیسبادن، سوزانا فێلدمانی تەمەن 14 ساڵی خنکاندبوو پاش ئەوەی لێی دابوو و لاقەی کردبوو.

ئەڵمانیـیە ڕاستڕەوەکان دەڵێن عەلی بەشار کە تاوانباریشە بە لاقەکردنی کچێکی دیکەی 11 ساڵ، نمونەیەکە بۆ ئەو مەترسیـیانەی وڵاتەکەیان دووچاری بووەتە لە ئاکامی هاتنی ئەو هەموو پەنابەر و کۆچبەرە.

عەلی بەشار لە ساڵی 2015 لەگەڵ باوک و دایکی و پـێنج خوشک و برای گەیشتبوونە ئەڵمانیا بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافی پەنابەری لەو وڵاتەدا، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت لە کوشتنی کچەکە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. دواتر پـۆلیسی دهۆک ناوبراوی دەستگیرکرد و لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی ئەڵمانیا کرا.

مەسەلەی دەستگیرکردنی عەلی بەشار بۆ ئەڵمانیا زۆر گرنگ بوو، بۆیە سەرۆکی پـۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا ڕاستەوخۆ بەشداری لە دەستگیرکردنەکەی کردبوو.

XS
SM
MD
LG