Accessibility links

ئەڵمانیا دەسـتیکردەوە بە ناردنی چەک بۆ هەرێمی کوردسـتان بەو مەرجەی نەفرۆشرێتەوە


لەشکری ئەڵمانیا دەڵێت دەسـتیکردووەتەوە بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی پـێشـمەرگە پاش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان بەڵێنی داوە چیتر چەکەکان لە بازاڕدا نەفرۆشرێنەوە.

گوتەبێژێـکی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی وڵاتەکەی دوێنێ سێشەممە 70 تۆن چەک و تەقەمەنی بۆ پـێشمەرگە ڕەوانەکردووە و گەیشتوونەتە هەولێر، لەوانە 1500 تفەنگی ئۆتۆماتیکی و 100 چەکی موشەکی سەر شان و 3 ماشێنی زرێـپـۆش.

پـێشتر ئەڵمانیا لە مانگی یەک ڕەوانەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ پـێشمەرگە ڕاگرت پاش ئەو ڕاپـۆرتانەی بڵابوونەوە سەبارەت بە فرۆشتنی چەکەکانی ئەڵمانیا لە بازاڕەکانی کوردسـتاندا.

لێـکۆڵینەوەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان لە سەرەتای ئەمساڵ گەیشتە ئەو ئەنجامەی لە کۆی 28 هەزار پارچە چەکی ئەڵمانیا کە بۆ شەڕی داعش بۆ هەرێمی کوردسـتان ڕەوانەکرابوون تەنها نزیکەی 30 پارچەیان بە شێوەیەکی نایاسایی فرۆشراون یان ونبوون. دەسەڵاتدارانی چەند کەسێـکیان لەسەر دەسـتگیرکردن.

ڕۆیتەرز دەڵێت کاربەدەسـتانی هەرێمی کوردسـتان واژویان کردووە ئەم چەکانەی ڕۆژی سێشەممە ڕەوانەکراون نەفرۆشرێنەوە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا گوتیشی لەوەتای ساڵی 2014 ئەڵمانیا زیاتر لە 30 بارە چەک و تەقەمەنی بۆ پـێشمەرگە ڕەوانەکردووە کە دەکاتە زیاتر لە 2000 تۆن.

XS
SM
MD
LG