Accessibility links

ڕابەرانی ئەڵمانیا و ژاپۆن ڕێککەوتن لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە


سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ڕۆژی شەممە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا بۆ یەکەمین جار لە تۆکیۆ کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بەرگرییەکانی نێوانیانەوە، مەبەست لەمەش مامەڵەکردنێکی باشترە لەگەڵ زیادبوونی کاریگەرییەکانی چین و نیگەرانییەکان لەسەر ئاسایشی جیهان.

دوای گفتوگۆکان، کیشیدا لە ماوەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا وتی هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر پتەوکردنی دابینکردنی پێویستییەکانی وەکو کانزاکان و نیمچە گەیەنەرەکان و باتری و بوارە ستراتیژییەکانی دیکە، ئەوەش لە پێناو " ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرەملێی ئابووری و ئەو هەوڵانەی کە وڵاتێک ڕابەرایەتییان دەکات بۆ دەستکەوتنی تەکنەلۆجیا بە شێوەیەکی نایاسایی و چالاکییە نا بازاڕییەکانی." ئەوەش وەکو ئاماژەیەکی دیار بۆ چین.

کیشیدا وتی " ژاپۆن و ئەڵمانیا، کە هەردووکیان وڵاتی پیشەسازین و بەهای بنچینەیی هاوبەشییان هەیە، پێویستە سەرکردایەتی جیهان بکەن لە پتەوکردنی خۆڕاگری کۆمەڵگاکانماندا."

لەلای خۆیەوە شۆڵز شەش ئەندامی لە کۆی 17 ئەندامەکەی کابینەی حکومەتەکەی هێنابوو بۆ ژاپۆن تاوەکو لەگەڵ هاوتا ژاپۆنییەکانیاندا کۆببنەوە. لەوانەش وەزیرانی ئابووری و دارایی و دەرەوە و ناوخۆ و گواستنەوە و بەرگری وڵاتەکە. باسیان لە پتەوکردنی هاریکارییەکان کرد لە ڕووی ئابووری و بەرگری نیشتیمانییەوە لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکدا، هەروەها باسییان لە هەوڵەکانی چین کرد بۆ سەپاندنی بانگەشەکانی بۆ سەروەری لە ناوچە ئاوییەکان و پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ڕووسیادا.


کیشیدا وتی جارێکی دیکە سەرکۆنەی جەنگەکەی ڕووسیامان کردەوە لە ئۆکرانیا و ڕێککەوتین لەسەر بەردەوامیدان بە سەپاندنی سزا توندەکانمان بەسەر مۆسکۆ و پشتیوانی بەهێزمان بۆ ئۆکرانیا.

دەزگای هەواڵی دپای ئەڵمانیا وتی شۆڵز وتوویەتی ئەم ڕاوێژییانە لەسەر ئاستی حکومەت لەگەڵ ژاپۆندا " هاریکارییە ستراتیژییەکانی نێوانمان بەرەو پێشتر دەبات، هەروەها زۆر گرنگیشن بۆ ئەوەی هانی زیاتری ئەم جۆرە هاریکارییە نزیکە بدەین پێکەوە."

لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا، وەزیرانی بەرگری دوو وڵاتەکە ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان دوو سوپاکە لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک و هاریکارییەکی بەهێزتری سەربازیی لە نێوان دوو وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG