Accessibility links

ئەڵمانیا بە نیازە سیستمی بەرگری موشەکی ئارۆو 3 لە ئیسڕائیل بکڕێت


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل یائیر لاپید لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا وتی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەڵمانیادا بۆ پتەوکردنی هێزە چەکدارەکانی لە دوای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئێستا ئەڵمانیا لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی موشەکی ئارۆو 3 لە ئیسڕائیل.

دوای ئەوەی لە 24 ی مانگی دوودا ڕووسیا لەشکرکێشییەکەی دژی ئۆکرانیا دەستپێکرد، ئەڵمانیا خەرجی سەربازیی وڵاتەکەی زیاد کردووە، هاوکات یارمەتی و چەکی قورس بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت.

لاپید لە پاڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزدا گوتی " ئیسڕائیل ڕۆڵی دەبێت لە بونیادنانی هێزی بەرگریی نوێی ئەڵمانیادا، زیاتر لە ڕووی بەرگریی ئاسمانییەوە."

گوتی " ئەوە پەیوەندی هەیە بە پابەندبوونی تەواوی ئێمەوە بۆ پارێزراویی ئەڵمانیا، بۆ پارێزراویی ئەوروپا، بۆ ئەوەی وڵاتە لیبڕاڵە دیموکراتەکان بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن."

لاپید گوتی ئەگەری هەیە لە داهاتوودا گرێبەستێک واژۆ بکەین، بەڵام ئاماژەی بە نرخەکەی نەدا. شۆڵز وتی ئەڵمانیا لەڕێی کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاترەوە لە داهاتوودا بەرگرییەکانی پتەو دەکات، هەروەها ڕەتی کردەوە ئاماژە بە وردەکارییەکانی ئەگەری کڕینی سیستمی ئارۆو 3 بدات.

موشەکەکانی ئارۆو 3 بەشێوەیەک دروستکراون کە دەتوانن لەسەروو بەرگە هەوای زەوییەوە بفڕن و لەوێ کڵاوە جەنگییەکانیان لێ جیا دەبنەوە و دەبنە مانگی دەستکردی " کامیکازی " یاخود " ئوتومبێلی کوشتن " کە شوێن ئامانجەکان دەکەون و لێیان دەدەن. ئەو جۆرە بەرپەرچدانەوەیە لەو بەرزییەدا بۆ ئەوەیە کە بەشێوەیەکی پارێزراو موشەکی ئەتۆمی یاخود بایۆڵۆجی یاخود کیمیایی تێکبشکێنن.

سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەڵمانیا بە ڕۆیتەرزی گوت " بەڵێ، پلان هەیە بۆ کڕینی ئارۆو 3، بەڵام هیچ شتێک واژۆ نەکراوە."

شۆڵز و لاپید لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە هەوڵەکانیش کردووە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، کە ئیسڕائیل دژایەتی دەکات، شۆڵزیش داوای لە تاران کرد پێشنیارەکانی ئەوروپا ڕەت نەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG