Accessibility links

ئەڵمانیا ژنێک بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیردەکات


دادوەری ئەڵمانیا ژنێکی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک تونسی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تێرۆرستی و پەیوەندیکردن بە داعش لە سوریا.

کاربەدەستانی ئەڵمانیا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاند (ئومەیمە ا) هەفتەی ڕابردوو لە هامبۆرگ دەستگیرکراوە. دەشڵێن تاوانباریشە بە پەروەردەکردنی منداڵەکانی لەسەر بیروباوەڕی داعش.

ئومەیمە لە مانگی دوازدەی ساڵی 2014هاوسەری یەکەمی بەرەو سوریا ڕۆیشتبوو. لە ساڵی 2015 ئومەیمە هەرسێ منداڵەکەی بردووە و بەرەو سوریا ڕۆیشتووە تاوەکو پەیوەندی بە هاوسەرەکەیەوە بکات.

پاشان لە شەڕی کۆبانی هاوسەرەکەی بە بۆردومانی فڕۆکەی هاوپەیمانان دەکوژرێت.

دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ دێنیس کوسپێرت گوارنیبێژی ڕاپی ئەڵمانی کرد کە ئەویش پەیوەندی بە داعشەوە کردبوو. ئەم هاوسەریشی بە بۆردومانی فڕۆکە کوژرا، بەڵام پـێش ئەوەی بکوژرێت، ئومەیمە لە ساڵی 2016 لێی جیابووەتەوە و لەگەڵ منداڵەکانی گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا.

ئەڵمانیا چەندان کەسی سەر بە داعشی دادگایی کردووە و مانگی چوار یەکەم ژنی داعشی دادگاییکرد بە تۆمەتی کوشتنی کچێکی ئیزدی تەمەن 5 ساڵ کە کردبووی بە کویلەی خۆی و ئاوی خواردنەوەی نەدابوویە.

XS
SM
MD
LG