Accessibility links

پـۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت هەڵمەتێکی ئەنجامداوە بە ئامانجی پـوچەڵکردنەوەی هەوڵێکی تێرۆرستی


پـۆلیس لە شاری کۆلنی ئەڵمانیا دەڵێت بە بەشداری 200 پـۆلیس هەڵمەتێکی پشکنینیان ئەنجامدابوو بە ئامانجی پـوچەڵکردنەوەی هەوڵێکی تێرۆرستی و لە ئەنجامدا 6 کەس دەستگیرکراون.

کلاوش شتێفان بیکەر بەرپـرسی بەشی نەهێشتنی تاوان لە پـۆلیسی کۆلن گوتی زانیاری نهێنیان پـێگەیشتبوو کە شیانی هەیە هێرشێک ڕووبدات، بۆیە ئەمڕۆ پـێنجشەممە هەڵمەتەکەیان ئەنجامداوە.

پـۆلیسی شاری کۆلن گوتی لە دەوروبەری کاتژمێر 4 ی بەیانی داویانە بەسەر ئەپارتمانێک لە ناوچەی دورین، دەڵێن گومانباری سەرەکی چووبووە ئەو ئەپارتمانە بە مەبەستی پەیوەندیکردن بە کەسێکی توندڕەو کە لەوێ دەژی. پاشان کۆمپانیای بیناسازی ئەو کەسەیان لە کۆلن پشکنیوە و هاوکات لە بەرلینیش ئەپارتمانێکیان پشکنیوە کە پـێشتر تیایدا ژیابوو.

بیکەر دەڵێت یەک لەوانە ئەڵمانیـیەکی بە ڕەچەڵەک لوبنانیـیە و تەمەنی 30 ساڵە و چەند ساڵێکە ناسراو لە لایەن دەزگا ئاسایشیـیەکانەوە کە جێی مەترسیـیە. گوتیشی پـێشتر لە بەرلین بووە و لەم دوایـیانە بەرەو دورین هاتووە. باسی لەوەش کرد لە ڕێگەی پەیوەندیـیەکەوە توانراوە بزانرێت ئەم گومانبارە خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێک ئامادەدەکات.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد گومانبارەکە لە پەیوەندیـیەکەدا گوتویەتی بەنیازە بگات بە بەرزترین پـلەکانی بەهەشت، ئەمەش ڕەنگە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشێکی خۆکوژی بێت.

یوی یاکوب سەرۆکی پـۆلیسی کۆلن گوتی یەک لە دەستگیرکراوەکان کە تەمەنی 21 ساڵە پـێشتر پشتیوانی خۆی بۆ داعش ڕاگەیاندووە.

لە میانەی هەڵمەتەکە هیچ تەقەمەنیـیەک نەدۆزراوەتەوە، بەڵام پـۆلیس بە مەبەستی لێکۆڵینەوە دەستیگرتووە بەسەر 3 لاپـتۆپ و 20 مۆبایل.

XS
SM
MD
LG