Accessibility links

پـۆلیسی ئەڵمانیا هەوڵێکی تێرۆرستی بایۆلۆجی پوچەڵ دەکاتەوە


سەرۆکی پـۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت هەوڵێکی تێرۆرستی بێ پـێشینەیان لە وڵاتەکەیان پوچەڵکردووەتەوە، پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو کەسێکی تونسیـیان لە شاری کۆلۆنیا دەستگیرکرد.

هۆلگەر میونش ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ ڕادیۆی ARD ی وڵاتەکەی ڕاگەیاند سەیفوڵڵای تەمەن 29 ساڵ کە هەفتەی ڕابردوو بە گومانی هەوڵی تێرۆرستی دەسـتگیرکرا، دەرکەوت کاری کردووە بۆ دروستکردنی بۆمبی بایۆلۆجی، ئەمەش پـێشتر لە ئەڵمانیا ڕووی‌نەداوە.

گوتیشی کاتێک هێزی کۆماندۆی پـۆلیس لە 12 ی مانگی شەش ئەپارتمانی سەیفوڵڵا گەڕاون بۆیان دەرکەوتووە ژەهری ڕایسنی دروستکردووە کە مەترسدارترین ژەهرە هەتا ئێستا زانرابێت.

ئەم ژەهرە لە گەرچک دروستدەکرێت و 6 هەزار هێندەی سیانید ژەهراویترە و هەر کەسێک بیخوات یان بۆنی بکات دەیکوژێت و هیچ دەرمانێک نیـیە کاریگەری ئەم ژەهرە ڕابگرێت.

هۆلگەر میونش لە درێژەی قسەکانی بۆ ڕادیۆکە گوتیشی پـۆلیسی دژە تێرۆر توانیویەتی دەستبگرێت بەسەر نزیکەی هەزار دەنکی گەرچک لە ئەپارتمەنەکەیدا. باسی لەوەش کرد هێشتا نازانن ئامانجەکەی چی بووە وە ئایە کەسی دیکەی لەگەڵە یان نا.

گۆڤاری دێر شبیگلی ئەڵمانیا دەڵێت پـێدەچێت سەیفوڵڵا بەپـێی ڕێنمایـیەکانی داعش بۆ دروستکردنی ژەهری ڕایسن کاری کردبێت.

کاربەدەستان دەڵێن ناوبراو لە ناوەڕاستی مانگی پـێنج لە ڕێگەی ئنتەرنێتەوە گەرچک و ئامێرێکی کارەبایی کڕیوە بۆ هاڕینی. دەزگای CIA ی ئەمەریکا گومانی لێکردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەڵمانیای لێئاگادارکردووەتەوە و ئەوانیش لای خۆیانەوە خستوویانەتە ژێر چاودێریـیەوە هەتا ئەو کاتەی دەسـتگیریان کردووە بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگرەوە.

XS
SM
MD
LG