Accessibility links

پـۆلیسی ئەڵمانیا 3 کەسی سوری دەسـتگیردەکات بە تۆمەتی پەیوەست بە تێرۆرزمەوە


پـۆلیسی ئەڵمانیا 3 کەسی سوریـیان لە وڵاتەکەیان دەسـتگیرکرد بە تۆمەتی ئەوەی پـێشتر لە سوریا لە نێو گروپە تێرۆرستیـیەکان بوون و ئێستاش یەکێکیان هەوڵی ڕاکێشانی خەڵکی داوە بۆ نێو گروپێکی تێرۆرستی.

پـۆلیس و داواکاری گشتی لە هەرێمی زارلاندی ڕۆژئاوای ئەڵماینا ئەمڕۆ هەینی ڕایانگەیاند ئەم سێ کەسە شەوی پـێنجشەممە لە شاری زارلویس دەسـتگیرکران و تەمەنیان 21 و 23 و 27 ساڵە.

پـۆلیس گوتی بڕیاری دەسـتگیرکردنیان بۆ دەرچوو لە پاش چەندان مانگ لە چاودێری و لێکۆڵینەوە لەسەریاندا. هەرسێکیان لە ساڵی 2015 داوای مافی پەنابەریـیان لە ئەڵمانیا کردووە کاتێک لەگەڵ دەیان هەزار کەسی دیکەی سوری کە لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیان هەڵهاتبوون گەیشتبوونە ئەو وڵاتە.

میدیاکانی ئەڵمانیا باس لەوە دەکەن ئەم سێ کەسە لەسەر ئنتەرنێت وێنە و ڤیدیۆی خۆیان بڵاوکردووەتەوە کە چۆن پـێشتر لە سوریا لە نێو گروپە تێرۆرستیـیەکان چەکداربوون.

یەکێکیان جگە لەوەی ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا بە جلوبەرگی گروپە چەکدارەکانە و چەکی بەدەستەوەیە، لە ئەڵمانیاش هەوڵی داوە خەڵک ڕابکێشێت بۆ نێو گروپی ئەحرار ئەلشام ئەوەی بە گروپێکی تێرۆرستی دادەنرێت. دووانەکەی دیکەیان چەکداری داعش بوون، بۆیە زۆر جێگەی مەترسین.

بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا داواکاری گشتی جەختی کردەوە هەتا ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان بەردەست نەکەوتووە نیشانی بدات ئەم سێ کەسە پلانی تێرۆرستیان لە ئەڵمانیا هەبووبێت.

XS
SM
MD
LG