میدیاکانی ئەڵمانیا دەڵێن کاربەدەستێک لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیان ئاشکرای کردووە کە حکومەت بە نیازی پـرۆژە یاسایەکە بۆ سەندنەوەی هاوڵاتینامەی ئەڵمانی لەوانەی پەیوەندیـیان بە گروپە تێرۆرستیـیەکانی وەکو داعش و ئەلقاعیدە کردووە.
ئاژانسی دەنگوباسی دۆچێ ڤێلێ ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردووەتەوە شتیڤان مایەر بەرپـرسی کاروباری پەرلەمانی لە وەزارەتی ناوخۆ گوتویەتی وەزارەتەکەیان بە نیازە پـرۆژە بڕیارێک بۆ ئەم مەبەستە ڕەوانەی پەرلەمان بکات، تاوەکو هاوڵاتیـنامە لەو جیهادیانە بسەندرێتەوە کە خاوەنی هاوڵاتینامەی وڵاتێکی دیکەن.
پاشان گوتویەتی پـێشبینی دەکات پـرۆژە یاساکە بگاتە پەرلەمان بەر لە کۆتایی ساڵی یەکەمی کاری حکومەت کە لە مانگی سێی 2019 تەواودەبێت.
هەرچەندە ئاماژەی بۆ ژمارەی ئەو کەسانە نەکرد کە شیانی هەیە پـرۆژە یاساکە بیانگرێتەوە، بەڵام ئامارە فەرمیـیەکان مەزەندە دەکەن نزیکەی 900 ئەڵمانی پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردبێت لە سوریا و عێراق.
هەروەها باسی لەوەش کردووە کە بە نیازن چەند وڵاتێکی دیکە بخەنە نێو لیستی وڵاتە سەلامەتەکان، لەوانە ئەرمینیا و جۆرجیا و تونس و جەزائیر و مەغریب. ئامانج لەمەش ناردنەوەی ژمارەیەکی زیاتری ئەو کەسانەیە کە ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری.
ساڵی ڕابردوو پارتی سەوز ڕێگەی گرت لەوەی وڵاتی دیکە بخرێنە نێو لیستی وڵاتە سەلامەتەکانەوە، بەڵام شتیڤان مایەر پـێیوایە لە پاش پـێکهێنانی حکومەتی نوێ پارتی سەوز هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت.