Accessibility links

ئەڵمانیا پەنابەرێـکی سوری دەسـتگیردەکات بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە داعشەوە

  • VOA News

کاربەدەسـتانی ئاسایشی لە ئەڵمانیا پەنابەرێـکی سوریـیان دەسـتگیرکردووە بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە داعشەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشی تێرۆرستی.

کرستۆف ڕەبمان داواکاری گشتی لە شاری زاربروکن لە هەرێمی زارلاند لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە ئەمڕۆ دووشەممە گوتی کەسەکە تەمەنی 38 ساڵە و بەرەبەیانی شەممە لە ماڵەکەی دەسـتگیرکرا و ڕۆژی یەکشەممە تۆمەتەکەی بە فەرمی ئاڕاستەکرا.

گوتیشی ئەم پەنابەرە سوریـیە داوای لە داعش کردووە 180 یۆرۆی بۆ ڕەوانەبکەن تاوەکو ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری پێ بۆمبڕێژبکات و لە نێو خەڵکیدا بیانتەقێنێتەوە.

دەڵێن نووسینی گیراوە کە لە ڕێگەی ئاپی تلگرامەوە ناردوویەتی بۆ کەسێـکی سوری کە ناسراوە بەوەی توانای یارمەتیدانی داعشی هەیە. لە یەکێـک لە نووسینەکاندا نووسیویەتی نرخی هەر ئۆتۆمبیلێـکی بارهەڵگر 22500 یۆرۆیە و دەبێت هەر یەکەیان 400 بۆ 500 گیلۆگرام تەقەمەنی تیایدا دابنێت.

بەپـێی داواکاری گشتی تۆمەتبارەکە دانی‌ناوە بەوەی پەیوەندی لەگەڵ داعشدا کردووە، بەڵام نکوڵی کردووە نیازی ئەنجامدانی هێرشی تێرۆرستی هەبووبێت. هەروەها هەتا ئێستا هیچ شتێـکی پێ نەگیراوە ئاماژە بۆ ئەوە بدات ئامادەکاری بۆ هێرشی تێرۆرستی کردبێت.

ئەگەربێت تۆمەتی هەوڵی بەدەسـتهێنانی پارە لە داعشی بەسەردا ساغببێتەوە، ئەوا شیانی هەیە لە نێوان شەش مانگ بۆ 10 ساڵ حوکمی زیندانی بدرێت.

XS
SM
MD
LG