وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت دەبێت ڕەگەزنامەی ئەڵمانی لەو کەسانە بسەندرێتەوە کە ڕەگەزنامەی وڵاتێـکی دیکەیان هەیە و دەچن شەڕ بۆ گروپـێـکی تێرۆرستی دەکەن.
تۆماس دی مەزیەر ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەرلین ئەمەی ڕاگەیاند لە چوارچێوەی ئەو یاسا و ڕێسا نوێـیانەی وڵاتەکەی بە نیازە دایانبنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆرزم، ئەمەش لە پاش دوو هێرشەکەی مانگی ڕابردووی هەردوو شاری ئانسباخ و فۆرتسبێرگ، ئەوانەی داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لێڕاگەیاندن.
وەزیری ناوخۆ گوتی توندترکردنی یاساکان بۆ بیانیـیەکانە کە تاوان ئەنجام دەدەن و ئەوانەشی سەرچاوەی مەترسین.
بەپـێی میدیاکانی ئەڵمانیا حکومەتی وڵاتەکەیان بە نیازە ئەو کەسانە دەسـتگیربکات و بە خێرایی لە وڵاتەکە دەریانبکات. هەروەها ئەوانەشی زانیاری هەڵە لە بارەی خۆیان بە دەسەڵاتداران دەدەن، ئەوا مۆڵەتی کەمتریان پـێدەدرێت وڵاتەکە جێبهێڵن.
پـێشنیاریش کراوە تەکنەلۆجیایەکی نوێ بۆ لێکۆڵینەوە بگیرێتەبەر و بەرنامەی نوێ بۆ ئامۆژگاریکردنی پەنابەران دابنرێت لە چۆنیەتی خۆگونجاندنیان لە نێو کۆمەڵگەدا.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە نیازیشە ڕاوێژکاری بە پـزیشکان بکات بۆ دانانی میکانیزمێـک بۆ ئاگاداربوونی پـێش وەخت لەو کەسانەی باری دەرونیـیان جێگیر نیـیە و شیانی هەیە کاری توندوتیژی ئەنجام بدەن.
جێی ئاماژەیە بەپـێی دەزگا هەواڵگریـیەکانی ئەڵمانیا نزیکەی 820 کەس وڵاتەکەیان جێهێشتووە و پەیوەندیـیانە بە گروپە جیهادیـیەکان لە سوریا و عێراق کردووە. یەک لەسەر سێیـان گەڕاونەتەوە بۆ ئەڵمانیا و لە ئێسـتادا جێی مەترسین.