دادگایەکی ئەڵمانیا لە بەرلین دەسـتیکردووە بە پـرۆسەی دادگاییکردنی سەربازێـکی پـێشووی عێراق بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە میانەی شەڕی دژی داعش لە عێراق.
دادگاکە ئەمڕۆ چوارشەممە گوێی لە قسەکانی ئەم سەربازەی پـێشووی عێراق کرد کە بەپێی دەزگای دادوەری ئەڵمانیا ناوی (ڕامی ک.) و تەمەن 28 ساڵە. دەڵێن لە ساڵی 2015 وە وەک پەنابەر گەیشتووەتە ئەڵمانیا و لە مانگی هەشتی ساڵی 2016 بەو تۆمەتە دەسـتگیرکراوە.
ناوبراو لە مانگی سێی ساڵی 2015 لەو کاتەی لە نێو لەشکری عێراقدا بوو، لە نزیک شاری تکریت دوو کەلە سەری داعشی بەدەسـتەوە بەرزکردووەتەوە و وێنەی پـێوە گرتوون. پاشان وێنەکە لە ڕێگەی ئنتەرنێتەوە بڵاوکراوەتەوە.
لە یەکەم دانیشتنی دادگا ڕامی دانینا بە تاوانەکەی، بەڵام گوتی ئەفسەرەکەی فەرمانی پـێکردبوو ئەو کارەبکات و ئەگەر گوێڕایەڵی نەبووایە، ئەوا سزادەدرا. گوتیشی لە پاش ئەو ڕووداوە وازی لە لەشکر هێناوە.
بەڵام پـۆلیسی ئەڵمانیا وێنەکانی لە کۆمپـیوتەری ڕامی دۆزیوەتەوە، ئەمەش گومان دەخات سەر ئەو قسانەی کە دەڵێت بە زۆر پـێیکراوە. داواکاری گشتی ئەڵمانیا دەڵێت ئەو وێنانە سووکایەتیکردنن بە تەرمی مردوو. چاوەڕواندەکرێت دادگا چوار دانیشتن بۆ ئەم کەیسە سازبکات.