Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشیاری دەدات لە بارەی سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێران


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکو ماس ڕۆژی چوارشەممە هۆشیاری دا سەبارەت بە بڕیاری سەرۆک ترامپ بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێران و گوتی ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهێزکردنی هێزە ڕادیکاڵەکان لە ناوچەکە.

سەرۆک ترامپ سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە لە پاش ئەوەی یەک لایەنە کشایەوە لە ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2015 ، ئەوەی لە نێوان تاران و زلهێزانی ڕۆژئاوایی مۆرکرا بە ئامانجی ڕاگرتنی خواستە ناوکیـیەکانی ئێران.

هەرورها ماس لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی پاساوا نوێی پـخێسێPassauer Neue Presse گوتی "ئێمە هێشتا پـێمانوایە دەستبەرداربوون لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێران هەڵەیە."

ماس ئاماژەی بۆ نزیکی ئێران لە ئەوروپای کرد و هۆشیاری دا و گوتی"هەرکەسێک خوازیاربێت ڕژێم بگۆڕێت، ئەوا دەبێت لە بیری نەکات کە هەرچیـیەکی بەدوایدابێت لەوانەیە کێشەی گەورەترمان بۆ دروستبکات."

هەروەها وتی" گۆشەگیرکردنی ئێران شیانی هەیە هێزە ڕادیکاڵەکان بەهێزبکات، هەر وەک چۆن لە عێراق و لیبیادا ڕوویدا، بۆیە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکە کە بۆخۆی پـڕ کێشەیە."

حکومەتەکانی ئەوروپا بڕیاریان داوە هەرچی لە توانایاندابێت بیکەن بۆ هێشتنەوەی پەیوەندیـیە بازرگانیـیەکانیان لەگەڵ ئێراندا.

سەڕەڕای ئەوەش کۆمپانیای دایملەری ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی، ئێران بەجێ دەهێڵێت لە ترسی سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

ڕیچارد گرەنڵ باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە ئەڵمانیا لەم بارەیەو لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"ئێمە خۆشحاڵین کە دەبینین کۆمپانیا ئەڵمانیـیەکان بازرگانی خۆیان لەگەڵ ئێران ڕادەگرن و پابەندی سزاکانی ئەمەریکا دەبن، وە یارمەتی دەدەن لە فشارخستنە سەر ڕژێمی ئێران تاوەکو بۆ سەر مێزی دانوستاندن بگەڕێتەوە. ئێمە بە یەکەوە کاردەکەین، بۆ ئەوەی کارە شەڕەنگێزەکانی ئێران ڕابگرین."

XS
SM
MD
LG