کاربەدەستانی ئەڵمانیا دەڵێن هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکەیان چەند شوێنێـکیان لە سەرانسەری ئەڵمانیا پـشکنیوە بە دوای 10 کەس کە گومان دەکرێت سیخوڕیـیان بۆ ئێران کردبێت.
شتێفان بێڵ گوتەبێژی داواکاری گشتی ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی ڕاگەیاند پـشکنینەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چەند ماڵ و ئۆفیسێـک لە سەرانسەری وڵاتەکە ئەنجامدران.
گوتیشی ئەوان لەو بڕوایەدان ئەو کەسانە لەسەر داوای یەکەیەکی هەواڵگری پەیوەست بە ئێرانەوە سیخوڕیـیان بەسەر چەند شوێن و کەسێک لە ئەڵمانیا کردبێت. باسی لەوەش کرد دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەکان ئەنجام دەدات و گوتی هەتا ئەم ساتە کەس دەسـتگیر نەکراوە.
شتێفان بێڵ ئامادە نەبوو لە بارەی ڕاپـۆرتێکی گۆڤاری هەفتانەی فۆکس لێدوان بدات کە تیایدا نووسراوە ئەو گومانبارانە سیخوڕیـیان کردووە بەسەر ئیسرائیلیـیەکان لە ئەڵمانیا.
جێی ئاماژەیە مانگی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشتکرد و ناڕەزایی وڵاتەکەی ڕادەستکرد لە پاش ئەوەی یەکلابووەوە کەسێک سیخوڕی بۆ ئێران کردبوو. کەسەکە پاکستانی بوو و ساڵی ڕابردوو لە بەرلین بەو تۆمەتە دەسـتگیرکرا و پاشان دادگا بڕیاری 4 ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد. یەک لەو کەسانەی سیخوڕی بەسەردا کردبوو ڕینولد ڕۆبێ سەرۆکی کۆمەڵەی ئەڵمانی- ئیسرائیلی بوو.