وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا دەبێت ئامادەی وەڵامدانەوەی پێشێلکارییەکانی ئێران بن لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا و ئەمەش مانای سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانە بەسەر تاراندا.
هەفتەی ڕابردوو ئێران وتی دەستی کردۆتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستێکی نزمدا لە کارخانەی ناوەکی فۆردۆ، لە دەستپێکی ئەم هەفتەیەدا وتی دەتوانین بۆ لە سەدا 60 یۆرانیۆم بپیتێنین، ئەم ڕێژەیەش زۆر لەوە زیاترە کە پێویست بێت بۆ بەکارهێنانی ئەو وزەیە بۆ هۆکاری مەدەنی، بەڵام ناگاتە ڕێژەی لە سەدا 90 کە پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوەکیی کە ئەوەش گەورەترین پێشێلکارییە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا.
ئێران دەڵێت ئەم پێشێلکارییانە بەرهەمی کشانەوەی ئەمەریکایە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا و هەروەها سەپاندنەوەی سزاکانە بەسەر تاراندا. تاران دەڵێت ئەگەر واشنتن دووبارە پابەند بێتەوە بە ڕێکەوتنەکەوە ئەوا ئێمەش پابەند دەبین پێوەی.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس لە بڕۆکسل وتی لەگەڵ هاوتا بەڕیتانی و فەڕەنسییەکەیدا کۆدەبێتەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی دواتر.
ماس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێویستە لەسەر ئێران لە کۆتاییدا بگەڕێتەوە سەر بەرپرسیارێتییەکانی، ئەگەر نا ئەوا مافی خۆمانە هەموو ئەو میکانیزمانە بەکاربهێنین کە لە ڕێكەوتنە ناوەکییەکەدا ئاماژەیان پێدراوە."
ماس وتی " بە نیگەرانییەوە چاودێری بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەین و ئێران نەک تەنها ئەوەی ڕاگەیاند بەڵکو ئەنجامیشیدا."
دیبلۆماتکارانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێن هەڵوێستی ئەوروپا تا ئێستا ئەوەیە کە سەرەتا دەبێت پشکنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە لێدوانەکانی ئەمدواییانەی ئێران بکەن سەبارەت بە پیتاندنەکە.
لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ دیاریکراوە و ڕێژەکەش لە سەدا 3.7 ە، بەڵام ئەگەر ئێران ئەو ڕێژەیە تێپەڕ بکات ئەوا دەبێتە هۆی سەپاندنەوەی هەموو ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی کە پێش ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 سەپێندرابوون بەسەریدا.
هەروەها دووبارە کارکردنەوەی کارخانەی ناوەکی فۆردۆ بابەتێکی هەستیارە چونکە ئێران هەتاوەکو ساڵی 2009 ئەو شوێنەی لە چاوی پشکنەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان شاردبۆوە و لەنێو شاخدا دروستی کردووە تاوەکو بەرگەی هێرشی ئاسمانی بگرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز