Accessibility links

فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا چالاککردنی میکانیزمی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیە ناوەکیەکان لەگەڵ ئێران ڕادەگەیەنن


فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا بە فەڕمی چالاککردنی میکانیزمی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ناوەکییەکانیان لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند کە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا ئاماژەی پێدراوە و تا ئێستا بەهێزترین هەنگاوی ئەوروپییەکانە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە، ئەمەش ئێران ناچار دەکات پابەند بێت بەو کۆتوبەندانەوە کە بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بۆ بەرنامە ناوەکییەکەی داندراوە.

وڵاتانی ئەوروپی وتیان کاردەکەن بۆ خۆبەدوورگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە ئێستادا گرژییەکان لەو ناوچەیە زیاتربوون.

بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان " ئێمە ئەو پاساو هێنانەوەیەمان قبوڵ نیە کە ئێران مافی خۆیەتی سنوورێک بۆ بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا دابنێت." ئەوەشیان خستەڕوو هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەستدا نەماوە جگە لەوەی ئەم میکانیزمە چالاک بکەن کە لەکۆتاییدا لەوانەیە ببێتەهۆی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر تاراندا.

وتیشیان " بە پێچەوانەی ڕێگاکەوە، ئێران بڕیاریدا بەرپرسیارێتییەکانی بەڕێژەیەکی زیاتر کەم بکاتەوە."

لە شەشی مانگی یەکدا ئێران دەستبەرداری بەرپرسیارێتییەکانی بوو لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، ئەمەش بەوەی کە ڕایگەیاند هەموو ئەو کۆتوبەندانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە خراونەتە سەر پیتاندنی یۆرانیۆم، لەگەڵ ئەوەشدا وتی بەردەوام دەبێت لە هاریکاریکردن لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا کە چاودێری بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران دەکات.

سێ وڵاتە ئەوروپییەکە لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا دەڵێن " ئەوەمان بە نیازێکی پاک کردووە و ئامانجمان پاراستنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەیە و هیوامان وایە ڕیگەیەک بدۆزینەوە بەرەو پێشەوە بڕۆین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، ئەویش لەڕێی گفتوگۆی سیاسیی لەسەر بنەمای پاراستنی ڕێکەوتنەکە و بەردەوامبوون لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنەدا."

وەکو هەوڵێک بۆ هێشتنەوەی دەرگای گفتوگۆ سیاسییەکان بەکراوەیی، سێ وڵاتە ئەوروپییەکە وتیان بەشداری هەڵمەتەکەی ئەمەریکا ناکەن بۆ سەپاندنی توندترین فشار بەسەر ئێراندا.

وەکو وەڵامێک بۆ بەیاننامەکەی بەڕیتانیا و فەڕەنسا ئەڵمانیا، ئێران بڕیاری چالاککردنی میکانیزمی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ناوەکییەکانی ڕەت کردەوە و بە ڕێوشوێنێکی " نەرێنی " ناودێریکرد، بەڵام ئامادەی خۆی دەربڕی بۆ تاوتوێکردنی هەر هەوڵێکی بونیاندنەرانە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنەکە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران عەباس موسەوی لە بەیاننامەیەکدا وتی " کۆماری ئیسلامی وەکو پێشتر ئامادەیی تەواوی تێدایە بۆ پشتیوانیکردن لە هەر ڕێوشوێنێکی نیازپاکانە و هەر هەوڵێکی بونیاندنەرانە بۆ ڕزگارکردنی ئەم ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییە گرنگە."

بەڵام موسەوی ئەوەشی خستەڕوو ئێران بە توندی و بەجددی وەڵامی هەر ڕێوشوێنێکی ڕووخێنەر دەداتەوە لەلایەن لایەنە بەشداربووەکانی ناو ڕێکەوتنەکەوە.

بەپێی ئەو میکانیزمەی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا ئاماژەی پێدراوە و واژۆکراوە، ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە سەرەتا یەکێتی ئەوروپا ئاگادار دەکەنەوە لە چالاککردنی میکانیزمەکە، دواتر یەکێتی ئەوروپا خۆی لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە ڕێکەوتنەکە ئاگادار دەکاتەوە کە ئەوانیش ڕوسیا و چین و ئێرانن. دوای ئەوەش ماوەی 15 ڕۆژ دیاریدەکرێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، ئەو ماوەیەش دەکرێت بە ڕێکەوتن درێژبکرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG