Accessibility links

ئەڵمانیا و فەڕەنسا دەڵێن لەسەر ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە لەگەڵ ئێراندا دەمێننەوە


ئەڵمانیا و فەڕەنسا دەڵێن پابەندی ئەو ڕێکەوتنە دەبن کە لەگەڵ ئێراندا لە بارەی بەرنامە ناوکیـیەکە مۆرکراوە تەنانەت ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لێی بکشێتەوە.

هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و ژان ئیڤ لودغیان هاوتا فەڕەنسایـیەکەی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە بەرلین ئەمەیان ڕاگەیاند.

لودغیان گوتی هەفتەی داهاتوو بڕیارەکەی ئەمەریکا هەرچیەک بێت فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا لەسەر ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە دەمێننەوە. دەڵێت چونکە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی.

لودغیان گوتشی " پـێمان وانیە پاساوێک هەبێت بۆ کشانەوە لەم ڕێکەوتنە، بۆیە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ قایلکردنی دۆستە ئەمەریکایـیەکانمان بەو ڕێکەوتنە."

ماس لای خۆیەوە گوتی"مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکەی ئەمەریکا دەکەین، بەڵام وەک ژان ئیڤ گوتی دەمانەوێت پابەندی ئەم ڕێکەوتنە ببین."

باسی لەوەش کرد لە چەند هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک پـێشنیاری باش کراون، بەڵام هیچ وردەکاری زیاتری نەدا.

XS
SM
MD
LG