Accessibility links

بەهۆی لافاوەوە لە ئەڵمانیا 6 کەس گیانیان لەدەستدا و زۆرێکی دیکە بێسەروشوێنن


بەهۆی لافاوەوە لە ئەڵمانیا لانی کەم شەش کەس گیانیان لەدەستدا و کۆمەڵێکی دیکە بێسەروشوێنن، ئەوەش دوای ئەوەی لافاو شەقامەکانی داپۆشی و بووە هۆی ڕووخاندنی خانووەکان.

پۆلیسی شاری کۆبلێنز لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە وتی چوار کەس لە شارۆچکەی ئارویلەر گیانیان لەدەستداوە، هەروەها نزیکەی 50 کەسی دیکە لەسەر سەربانی خانووەکانیان گیرییان خواردووە و چاوەڕێی ڕزگارکردنیانن.

لە گوندی شولد شەش خانوو ڕووخاون، پۆلیس وتی " هەواڵمان پێدراوە ژمارەیەکی زۆر بێسەروشوێنن."

دوای چەند ڕۆژێک لە باران بارینێکی زۆر، کاربەدەستان باری نائاساییان لە ناوچەکەدا ڕاگەیاند، بەشێکی زۆری ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەڵمانیای گرتەوە، هەروەها وڵاتانی دراوسێی ئەڵمانیاش بەهۆی لافاوەوە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە، لەوانەش بەلجیکا.

پۆلیس وتی پیاوێکی تەمەن 82 ساڵ لە شاری وپەرتالی ڕۆژئاوای وڵاتەکە کەوتۆتە ناو ژێرزەمینی ماڵەکەیەوە کە پڕبووە لە ئاو و گیانی لەدەستداوە، ئەو شارەش گەورەترین زیانی بەرکەوتووە.

کاربەدەستان وتیان ڕۆژی چوارشەممەش کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوە لەماوەی ئەرکێکی فریاکەوتندا لە شارۆچکەی ئالتینای ڕۆژئاوای ئەڵمانیا خنکاوە، هەروەها کەسێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە لە شارۆچکەی جۆهیدستاد بێسەروشوێن بووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵیداوە خانووەکەی لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە بپارێزێت.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG