Accessibility links

لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیادا حیزبی سۆشیال دیموکرات بە بەجیاوازییەکی کەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا


ئۆلاف شۆڵز، وەزیری دارایی ئەڵمانیا و جێگری ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، هەروەها کاندیدی حیزبی سۆشیال دیموکرات لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیادا
ئۆلاف شۆڵز، وەزیری دارایی ئەڵمانیا و جێگری ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، هەروەها کاندیدی حیزبی سۆشیال دیموکرات لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیادا

هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا کۆتایی پێهات و حیزبی سۆشیال دیموکرات بە کۆکردنەوەی 25.8 % ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، حیزبەکەی ئانگێلا مێرکڵ، یەکێتی کریستیان دیموکرات و یەکێتی سۆشیال کریستیان پێکەوە بەشدار بوون لە هەڵبژاردنەکاندا و 24.1 % ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. حیزبی سەوزیش 14.6 % و حیزبی لیبڕاڵی دیموکراتی ئازادیش 11.5 % ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

کاندیدی حیزبەکانی یەکێتی کریستیان دیموکرات و یەکێتی سۆشیال کریستیان ئارمین لاشێت و کاندیدی حیزبی سۆشیال دیموکرات کە جێگری ڕاوێژکاری ئەڵمانیاشە ئۆلاف شۆڵز کێبڕکێ دەکەن لەسەر ئەوەی کامیان ببنە ڕابەری گەورەترین ئابووری ئەوروپا، لەکاتێکدا ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ دوای 16 ساڵ لەسەر دەسەڵات، دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت.

بەپێی ئەوەی هیچ کام لە حیزبەکان 30 % ی دەنگەکان یاخود زیاترییان بەدەست نەهێناوە، هیچ کام لە حیزبەکانی ئەڵمانیا نابنە زۆرینە، بۆیە حیزبێک بە تەنها ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.

کاندیدە هەڵبژێردراوەکان پێدەچێت حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنن، بەڵام ڕێکەوتن لەسەر ئەو هاوپەیمانێتیە نوێیە لەوانەیە چەند مانگێک بخایەنێت، هەروەها لەوانەیە حیزبە بچوکەکانی دیکەی وەکو حیزبی سەوز و حیزبی لیبڕاڵی دیموکراتی ئازادیش لەخۆبگرێت.

کاندیدی حیزبی سۆشیال دیموکرات ئۆلاف شۆڵز وتی " ئێستا لە سەرجەم ئامارەکاندا لەپێشەوەین."

وتی " ئەوە پەیامێکی هاندەرە و فەرمانێکی ڕوونە لەسەر ئەوەی حکومەتێکی باش و کرداری بۆ ئەڵمانیا پێکبهێنین."

لەلای خۆیەوە ئارمین لاشێتی کاندیدی حیزبەکانی یەکێتی کریستیان دیموکرات و یەکێتی سۆشیال کریستیان وتی " هەموو جارێک بەوشێوەیە نەبووە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە حیزبی یەکەمدا بێت. حکومەتێکم دەوێت سەرجەم هاوبەشەکان بەشداربن تیایدا، هەمووان ببیندرێن، نەک حکومەتێک کە تەنها ڕاوێژکار تیایدا بدرەوشێتەوە."

هەریەک لە شۆڵز و لاشێت ئاماژەیان بەوەدا دەیانەوێت بەر لە کریسمس هاوپەیمانێتیە نوێیەکە پێکبهێنن.

جێی ئاماژەیە بۆچوونەکانی لاشێت و شۆڵز سەبارەت بە کێشە سەرەکیەکان جیاوازن، لەوانەش بابەتی باج.

لاشێت دەڵێت نابێت باج زیاد بکرێت لەکاتێکدا ئەڵمانیا زیانێکی گەورەی بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەرکەوتووە، بەڵام شۆڵز داوا دەکات باج لەسەر دەوڵەمەندەکانی ئەڵمانیا زیادبکرێت، هەروەها پشتیوانی لە زیادکردنی کرێی کرێکاران دەکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG