ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ داوای لە فەرمانڕەوای ویلایەتەکانی وڵاتەکە کرد ئەو کۆتوبەندانە جێبەجێ بکەن کە ڕێکەوتوون لەسەری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی سێیەمی پەتای کۆرۆنا، ئەم داوایەی مێرکڵیش دوای ئەوە هات هەندێک لە فەرمانڕەواکان ڕێوشوێنەکانیان کەمکردەوە لەجیاتی ئەوەی توندی بکەنەوە.
مێرکڵ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی " ئەی دی ئاڕ " ی تەلەفیزیۆنی وتی " ئێمە پێویستمان بە جوڵەیە لەلایەن ویلایەتە فیدڕاڵیەکانەوە."
وتیشی " دەبێت بەوپەڕی جددییەوە ڕێوشوێنی گونجاو بگرینەبەر. هەندێک لە ویلایەتەکان ئەوە دەکەن بەڵام هەندێکی دیکەیان هێشتا نەیانکردووە."
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فەرمانڕەوای ئەو ویلایەتانەی کە ڕێوشوێنەکانیان نەگرتۆبەر بە تۆمەتی " پێشێلکردنی " ئەو بەڵێنانەی کە هەفتەی ڕابردوو خۆیان دابوویان تۆمەتبارکرد.
هەفتەی ڕابردوو مێرکڵ و 16 ویلایەتەکەی ئەڵمانیا ڕێکەوتن لەسەر جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە توندەکان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە.
مێرکڵ هۆشیاریشیدا لەوەی حکومەتەکەی وەڵامی دەبێت ئەگەر ئەو ویلایەتانە ڕێوشوێنەکان وەکو خۆیان نەگرنەبەر.
لەکاتێکدا ئەڵمانیا ڕووبەڕووی شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتەوە، مێرکڵ وتی " دوو هەفتە دەستەوەستان ناوەستم."
وتیشی " ئەمە پەیوەندیی بەو سوێندەوە هەیە کە خواردوومە، ئەمە ئەرکی خۆمە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس