Accessibility links

شۆڵز دەڵێت سەرۆکی چین دژی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییە لە ئۆکرانیادا


سەرۆکی چینشی جینپینگ و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
سەرۆکی چینشی جینپینگ و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز کە ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا لەسەر گەشتەکەی ئەم هەفتەیەی بۆ چین، وتی بەیاننامە هاوبەشەکەی خۆی و هاوتا چینییەکەی کە تیایدا دژایەتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەن لە ئۆکرانیا، هۆکارێکی بەس بووە بۆ سەردانەکەی.

لێدوانەکانی شۆڵز ڕۆژێک دوای سەردانەکەی دێت بۆ چین کە بەڕێوبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیا ئەڵمانییەکانیشی لەگەڵدا بوو. هەروەها یەکەم سەردانی ڕابەرێکی کۆمەڵەی حەوتە بۆ چین لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە.

شۆڵز لە بۆنەیەکی پارتەکەیدا ' پارتی سۆشیاڵ دیموکرات ' وتی " بەهۆی ئەوەی حکومەتی چین و خۆم و سەرۆکی چین توانیمان ڕایبگەیەنین کە نابێت هیچ چەکێکی ئەتۆمی لەم جەنگەدا بەکاربهێندرێت، ئەوە بە تەنها وایکرد گەشتەکەی شایستەی بێت."

لەلای خۆیەوە سەرۆکی چین شی جینپینگ وتی " بە شێوەیەکی هاوبەش دژایەتی بەکارهێنان یاخود هەڕەشەکردن بە چەکی ئەتۆمییەوە دەکەین " لەسەر ئۆکرانیا، بەڵام خۆی بەدوور گرت لە ڕەخنەگرتن لە ڕووسیا یاخود داواکردن لە مۆسکۆ بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی.

شۆڵز کە ڕەخنەی لێگیراوە لەسەر ئەوەی وادەردەکەوێت بەردەوام بێت لەسەر ستراتیژییەک کە بە شێوەیەکی بەرچاو و ڕادەبەدەر ئابووری ئەڵمانیا بۆ چین ئاشکرا دەکات، وتی هەمەجۆر کردن کلیلی سنووردارکردنی ئەگەری کاردانەوە خراپەکانە لە کاتێکدا ئەگەر پەیوەندییەکان خراپتر ببن.

شۆڵز وتی " پلانێکی ڕوونمان هەیە و پەیڕەوی دەکەین. ئەوەش بە مانای هەمەجۆر کردن دێت بۆ سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە بازرگانییان لەگەڵدا دەکەین، بە تایبەتی و بێگومان وڵاتێک کە ئەوەندە گەورەیە و پشکێکی هێندە گەورەی لە ئابووری جیهاندا هەیە."

وتی " بەردەوام دەبین لە ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکانمان لەگەڵ چیندا، بەڵام ئەوەش ڕوونە کە خۆمان دەخەینە بارودۆخێکەوە کە بتوانین مامەڵە لەگەڵ هەر هەلومەرجێکدا بکەین لە هەر کاتێکدا کە قورسایی هەبێت، ئیتر لە 10 ساڵی داهاتوودا بێت یاخود 30 ساڵی دیکە."

سەرچاوەیەکی شاندەکەی ئەڵمانیا وتی شۆڵز لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ چین بە بەڕێوبەری کۆمپانیاکانی وەکو دۆیچە بانک و ڤۆڵکسواگن و باسف و سیمینز و بی ئێم دەبلیو و مێرک و بایۆنتێکی وتووە هەمەجۆریکردن پشتگوێ نەخەن.

لە کۆبوونەوەدا داخراوەکەدا، شۆڵز وتوویەتی 10 بۆ 15 ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی مەترسییەکان بە تەواوەتی لاببرێن.

سەرچاوەیەکی جیای حکومەتی ئەڵمانیا وتی وادەرکەوتووە کە پەیامەکە گەیشتووە و کۆمپانیاکان هەمەجۆریکردن دەکەن لە کاتێکدا کە پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن لەگەڵ چیندا.

دوای ئەوەی ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەڵمانیا و چین کەوتوونەتە ژێر پشکنینێکی وردەوە، کە ئەوەش بووە هۆی کۆتایی هاتنی پەیوەندییە وزە 10 ساڵییەکەی نێوان ئەڵمانیا و ڕووسیا، هەروەها بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکان دەستبەرداری کارە ناوخۆییەکانیان ببن.

هەر ئەمەش بووەتە هۆی دروست بوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری دەرەنجامەکانی سەر ئابووری ئەڵمانیا ئەگەر لە حاڵەتێکدا چین تایوان داگیر بکات.

جێی ئاماژەیە چین یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەڵمانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG