Accessibility links

ئەڵمانیا بەڵێن دەدات یاساکان بۆ ئەو کۆمپانیایانە توندتر بکاتەوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیان بە چین بەستووە


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

بەپێی ڕەشنووسی بەڵگەنامەیەکی نهێنی کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پلانی هەیە یاساکان بۆ ئەو کۆمپانیایانە توندتر بکاتەوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو پشتییان بە چین بەستووە.

ڕێوشوێنە پێشنیار کراوەکە بەشێکە لە ستراتیژییەکی نوێ بەرامبەر چین، کە لەلایەن ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزەوە داڕێژراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا هەوڵی ئەوە دەدات پشتبەستنی بە چین کەم بکاتەوە.

لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە دەڵێت " ئامانجەکە گۆڕینی پێکهاتەی پاڵنەری ئەو کۆمپانیا ئەڵمانیانەیە کە هۆکاری ئابووری بازاڕییان هەیە تاوەکو کەمکردنەوەی پەیوەستبوونیان بە هەناردەکردنەوە سەرنجڕاکێشتر بێت." بەڵام لە ڕەشنووسەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ڕێوشوێنە نوێیەکە کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئوتومبێل و ماددە کیمیاییەکان ناگرێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر بابەتەکە بدات.

ڕەشنووسەکە کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاوە داڕێژراوە و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک ڕابەرایەتی دەکات، هێشتا دەبێت لەلایەن وەزیرەکانی دیکەوە پەسەند بکرێت. پێشبینی دەکرێت دوایین بڕیار لەسەر ستراتیژی نوێی ئەڵمانیا بەرامبەر چین لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەربچێت.

پەیوەندییەکی ئابووری قووڵ چین و ئەڵمانیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەوەش بەهۆی فراوانبوونی خێرای چین و خواستەکان لەسەر ئوتومبێلی دروستکراوی ئەڵمانیا. لە ساڵی 2016 دا چین بووە یەکەمین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەڵمانیا.

بەڵام لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا کەوتوونەتە ژێر چاودێرییەکی وردەوە. بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا پەیوەندییەکانی وزەی نێوان ڕووسیا و ئەڵمانیا کۆتایی هات کە بۆ ماوەی بیست ساڵ بەردەوام بوون. ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانیش دەستبەرداری بازرگانییە ناوخۆییەکانیان بوون.

لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە دەڵێت " نابێت دووبارە ئەم هەڵەیە بکەینەوە. ئەمە بەرپرسیارێتی سیاسییەکان و کۆمپانیاکانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG