Accessibility links

داواکارێکی گشتی ئەڵمانیا داوای ڕادەستکردنی سەرۆکی پـێشووی کەتەلۆنیا بە ئیسپانیا دەکات


داواکارێکی گشتی ئەڵمانیا داوای لە دادگایەکی وڵاتەکەی کردووە فەرمان بدات بە ڕادەستکردنی سەرۆکی پـێشووی کەتەلۆنیا بە حکومەتی ئیسپانیا، ئەمەش لەسەر ئەو ڕیفراندۆمەی ساڵی ڕابردوو لە هەرێمەکەی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامیان دا.

داواکاری گشتی هەرێمی شلێزڤێگ- هۆلشتاین لە باکوری ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێشەممە داوای لە دادگای باڵا لە شاری شلێزڤێگ کرد کارلس پودگیمۆنت ڕادەستی مەدرید بکرێت کە بە یاخیبوون تۆمەتباری دەکات لەسەر ئەو ڕیفراندۆمەی لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو ئەنجامیان دا. داواشی کردووە هەتا دادگا بڕیار دەدات، ناوبراو لە زیندانی ئەو کەسانە دابنرێن کە بۆ وڵاتەکانیان دەیانگێڕنەوە.

میدیاکانی ئەڵمانیا دەڵێن ئەو تۆمەتەی لەسەر ڕیفراندۆمەکە ئاڕاستەی سەرۆکی پـێشووی هەرێمی کەتەلۆنیا کراوە بەپـێی یاساکانی ئەڵمانیا تاوان نیـیە. بەڵام داواکاری گشتی دەڵێت ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆمە سەرپـێچیـیەک بووە لە دەستوری ئیسپانیا، ئەمەش نزیکە لە یاسایەکی ئەڵمانیا سەبارەت بە خیانەتی گەورە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە پـێویست ناکات یاسایەکانی ئەڵمانیا و ئیسپانیا دەقاودەق وەکو یەکبن.

لە ئێستادا دادگا ماوەی 60 ڕۆژی لە بەردەمدایە بڕیاری خۆی لەسەر کەیسەکە بدات.

جێی ئاماژەیە دادگای باڵای ئیسپانیا مانگی ڕابردوو تۆمەتی یاخیبوونی ئاڕاستەی کارلس پودگیمۆنت و 12 کاربەدەستی دیکەی هەرێمی کەتەلۆنیا کرد. ئەگەربێت و ئەو تۆمەتەیان بەسەردا ساغبکرێتەوە، ئەوا لەوانەیە سزاکەیان بگاتە 30 ساڵ زیندانی.

XS
SM
MD
LG