Accessibility links

ئەڵمانیا داوای لە ئێران و ئەوانی دیکەش دەکات ڕێگری بکەن لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا


وتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت حکومەتی ئەڵمانیا داوای لە سەرجەم لایەنەکانی ململانێکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی ئێران دەکات ڕێگری بکەن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، ئەوەش دوای هێرشێکی موشەکی بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی 12 منداڵ و هەرزەکار.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەرلین بە دڵنیاییەوە پێی وایە " هێرشە کوشندەکەی سەر یاریگاکەی تۆپی پێ لە بەرزاییەکانی گۆلان لەلایەن حزبوڵای لوبنانەوە ئەنجام دراوە، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت.

وتیشی کارەکانی ئەمدواییانەی حوسییەکانی یەمەنیش کە بە هەمان شێوە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، یارمەتیدەر بوون لە ناسەقامگیرکردنی زیاتری ناوچەکە لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا.

هێرشەکەی ڕۆژی شەممە بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان ترس و نیگەرانییەکانی زیاتر کرد سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێیەکی فراوانتر لە ناوچەکەدا، کە گرژییەکان تێیدا بەهۆی جەنگەکەی ئیسڕائیلەوە لە غەززە چڕتر بوونەتەوە.

وتەبێژەکە وتی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک لەگەڵ چەندین کەسدا قسەی کردووە بە هاوتا لوبنانییەکەشیەوە، لە هەوڵێکیدا بۆ " کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی."

وتیشی هاووڵاتییانی ئەڵمانی لە لوبنان کە نزیکەی 1300 کەس دەبن، " داوایان لێدەکرێت بە پەلە " وڵاتەکە جێبهێڵن تاوەکو دەتوانن.

وتی " ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بە دۆخی ئەڵمانیاییەکان لەوێ و ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەین کە پێویستە ئامادەکاری بۆ بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG