Accessibility links

یەکەم ڤاکسینی بیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەڵمانیاوە ڕەوانەی چین دەکرێت


وتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت بەرلین یەکەمین بارە ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنای ناردووە بۆ چین تاوەکو لەوێ سەرەتا بدرێت بە هاووڵاتیانی ئەڵمانی لەو وڵاتەدا، ئەمەش یەکەمین ڤاکسینی بیانییە ڕەوانەی چین بکرێت.

هیچ وردەکارییەکی دیکە نەدراوە لەسەر قەبارەی بارە ڤاکسینەکە و کاتەکەی، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وتەبێژەکە وتی بەرلین هەوڵی ئەوە دەدات جگە لە ئەڵمانییەکان بیانییەکانی ئەو وڵاتەش ئەگەر بیانەوێت ڕێگەیان بدرێت ڤاکسینەکە وەربگرن.

ڕەوانەکردنی ڤاکسینەکان بۆ چین دوای ئەوە دێت لە ماوەی سەردانەکەی مانگی ڕابردووی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزدا بۆ پەکین چین ڕازیبوو لەسەر ئەوەی ڕێگە بدات هاوڵاتیانی ئەڵمانی لە چین ڤاکسینەکە وەربگرن، شۆڵزیش داوای لە چین کردووە ڕێگە بدات ڤاکسینەکە بە خۆڕایی بەردەست بێت بۆ هاوڵاتیانی چینیش.

لە ئێستادا نزیکەی 20,000 هاووڵاتی ئەڵمانیا لە چینن.

وتەبێژەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە ئێستا بارێکی ڤاکسینی بایۆنتێک لە ڕێگایدایە بۆ چین."

وتیشی " کار لەسەر ئەوە دەکەین جگە لە ئەڵمانییەکان بیانییەکانی دیکەش بتوانن بایۆنتێک وەربگرن." لە بەرامبەر ئەوەشدا هاوڵاتیانی چینی لە ئەوروپا دەتوانن ڤاکسینی سینۆڤاکی چینی وەربگرن.

ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت لەم مانگەدا ڕاپۆرتێک بڵاوبۆوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە وەزارەتی تەندروستی ئەڵمانیا مۆڵەتێکی داوە بۆ هاوردەکردنی ڤاکسینی سینۆڤاک لە چینەوە و پێدانی ئەو ڤاکسینە بە هاوڵاتیانی چینی لە ئەڵمانیادا.

ڤاکسینی سینۆڤاک تاوەکو ئێستا بەکارهێنانی لە ئەوروپا لەلایەن ئەوروپا خۆیەوە پەسەند نەکراوە، بەڵام ڕێکخراوی تەندروستی جیهان گڵۆپی سەوزی بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینەکە داگیرساندووە.

چین تاوەکو ئێستا سوور بووە لەسەر ئەوەی تەنها ڤاکسینی ناوخۆیی بەکاربهێنێت کە لەسەر تەکنەلۆجیای ڕۆژئاوا دروست نەکراون بەڵکو زیاتر بە تەکنەلۆجیای شێوازی کۆن دروست کراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG