Accessibility links

پـۆلیسی ئەڵمانیا بە دوای تونسیـیەک دەگەڕێت کە گومانبارە بە هێرشی سەر بازاڕەکەی بەرلین


میدیاکانی ئەڵمانیا باس لەوە دەکەن پـۆلیسی وڵاتەکەیان دەسـتیکردووە بە هەڵمەتێـکی گەورە بۆ گەڕان بە دوای کەسێـکی تونسی کە ناسنامەکەی لە ناو ئەو ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەدا دۆزراوەتەوە کە هێرشی سەر بازاڕەکەی بەرلینی پێ ئەنجام درا.

میدیاکان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاند ناسنامەیەک بە ناوی ئەنیس لە ژێر کورسی شۆفێری بارهەڵگرەکە دۆزراوەتەوە کە لە دایکبووی ساڵی 1992 ی شاری تەتاوینی باشوری تونسە. دەشڵێن ئەم تونسیـیە سێ ناسنامەی جیاجیای هەیە کە هەر یەکەیان تەمەنی جیاوازی لەسەرە.

ڕۆژنامەی شبیگلی ئەڵمانی هەروەها نووسیویەتی کەسەکە لە لایەن پـۆلیسەوە ناسراوە و بە دوایدا دەگەڕێن بەهۆی پـێشتر لە خەڵکی داوە و بووەتە مایەی برینداربوونیان، بەڵام بەر لە دادگایی‌کردنەکەی دیارنەماوە. هەروەها ناسراوە بەوەی پەیوەندی بە تۆڕێـکی گەورەی ئیسلامیـیەوە هەیە.

جێی ئاماژەیە ئەنجامدەری ڕووداوەکەی شەوی دووشەممەی سەر بازاڕەکەی بەرلین، لە پاش هێرشەکە لە شوێنەکە هەڵاتووە، بەڵام پـۆلیس پەنابەرێـکی پاکستانی دەسـتگیرکرد کە گومانیان لێکرد هێرشبەرەکە بێت، دواتر لێـکۆڵینەوەکان نیشانیان دا هیچ بەڵگەیەک لە دژی نیـیە، بۆیە دوێنێ سێشەممە ئازادکرا.

بەپـێی زانیاریـیە هەواڵگریـیەکان نزیکەی 5500 تونسی وڵاتی خۆیان جێهێشتووە و پەیوەندیـیان بە توندڕەوانی ئیسلامی کردووە لە لیبیا و سوریا و عێراق. هەروەها ئەوەی لە هاوینی ئەمساڵدا بە هەمان شێوە لە شاری نیسی فەڕەنسا 86 کەسی کوشت، ئەویش تونسی بوو.

XS
SM
MD
LG