Accessibility links

ئەڵمانیا: ڕەنگە ئەو پاکستانیـیەی دەسـتگیرکراوە هێرشبەری سەر بازاڕەکەی بەرلین نەبێت


کلاوەس کانت سەرۆکی پـۆلیسی بەرلین دەڵێت هێشتا دڵنیانین لەوەی ئەو پەنابەرە پاکستانیـیەی دەسـتگیرکراوە بە گومانی ئەنجامدانی هێرشی سەر بازاڕەکەی بەرلین تاوانکارەکە ڕاستەقینەکە بێت یان نا.

هێرشەکەی شەوی دووشەممەی سەر بازاڕێکی بەرلینی پایتەخت کە بە ئۆتۆمبیلێـکی بارهەڵگر ئەنجام درا، بووە مایەی کوژرانی 12 کەس و برینداربوونی نزیکەی 50 کەسی دیکە، لەوانە 18 کەسیان برینەکانیان سەختە. بەپـێی گەواهیدەران شۆفێرەکە لە بارهەڵگرەکە دابەزیوە و بەرەو پاخچەیەکی گەورە هەڵاتووە. پـۆلیسیش گەیشتوونەتە ناوچەکە و ئەو پەنابەرە پاکسـتانیەیان دەسـتگیرکردووە کە تەمەنی 23 ساڵە و مانگی دووی ڕابردوو گەیشتووەتە ئەڵمانیا و لە شوێنێـکی پەنابەران لە نزیک یەکێـک لە فڕۆکەخانەکانی بەرلین دەژی.

پـۆلیسی بەرلین دەڵێت لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکە لە شوێنێـکی بیناسازی لە پـۆڵۆنیا دزراوە و شۆفێرەکەی کە کەسێـکی پـۆڵۆنی بووە کوژراوە و تەرمەکەی شوێنی چەقۆ و گولـلەی پـێوەیە و هەر لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا بووە.

دەشڵێن هێرشبەرەکە کەسێـکی شارەزا بووە و ئامێری GPS ی ئۆتۆمبیلەکەی کوژانووەتەوە، ئەوەی شوێنی ئۆتۆمبیلەکە دەسـتنیشان دەکات.

تۆماس دی میزیەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئەویش ئەمڕۆ سێشەممە گوتی هیچ گومانیان نیـیە لەوەی ڕوویداوە هێرشێـکی بە مەبەست بووە، بەڵام ئەوەی دەسـتگیرکراوە نکوڵی دەکات دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت.

هاوکات هۆڵگەر مونچ سەرۆکی پـۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا ئاگاهی دا لەوەی ڕەنگە هێشتا هێرشبەرەکە چەکدار و ئازادبێت، ئەمەش بۆخۆی جێی مەترسیـیە. گوتیشی هیچ بەڵگەیەکیان بەردەست نەکەوتووە بیسەلمێنێت ئەوەی دەسـتگیرکراوە ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکەی لێخوڕیوە.

پاشان گوتی لەو 12 کەسەی لە هێرشەکەدا کوژراون تەرمی 6 کەسیان ناسراونەتەوە و هەموویان ئەڵمانین، بەڵام 6 کەسەکەی دیکە هێشتا نازانن کێن.

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG