زیاتر لە 30,000 هاوڵاتی ئەڵمانی بە پیاو و ئافرەت و منداڵەوە بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکی دژە جەنگدا کرد لە ناوەڕاستی بەرلین، زۆرینەیان ئاڵای ئۆکرانیایان بەرزکردەوە و دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا ناڕەزاییان دەربڕی.
خۆپیشاندەرانی بەرلین لەنزیک دەروازەی براندینبێرگ گردبوونەوە کە هێمای ئەڵمانیای دابەشبووە لەماوەی جەنگی سارددا، خۆپیشاندەران کە سەرجەم چین و توێژەکانیان تێدابوو، ڕژابوونە سەر شەقامەکانی بەرلین.
خۆپیشاندەران هاوارییان دەکرد " پوتن بوەستێنن. جەنگ بوەستێنن. سەربازانی ڕووسی بڕۆنەوە ماڵەوە." هاوکات هاوسۆزی خۆیان بۆ ئۆکرانیا دەربڕی.
خۆپیشاندەرێک بە ناوی هێلێن کراسەوە وتی " لەسەروو هەموویەوە، زۆر گرنگە ئۆکرانییەکان بزانن کە ئێمە لەبیرییان ناکەین، نە لە دوو هەفتەدا و نە دوای ئەوەش."
وتیشی " ئەگەر هەموو یەکشەممانێک تاوەکو یەک ساڵی دیکە لەسەر شەقامەکان خۆپیشاندان بکەین ئاساییە."
هەندێک لە خۆپیشاندەرەکان تەنانەت پشتیوانییان لە ڕەوانەکردنی چەک دەکرد بۆ ئۆکرانیا. داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ئەڵمانیای ناچار کرد سیاسەتی درێژخایەنی خۆی لەسەر ڕەوانە نەکردنی چەک بۆ ئەو ناوچانەی جەنگییان تێدایە بگۆڕێت، پێشتریش چەند جارێک دووپاتی کردبۆوە کە چەک ڕەوانەی ئۆکرانیا ناکات. بەڵام ئێستا موشەکی دژە تانک و موشەکی ستینگەری زەوی بۆ ئاسمان دەدات بە ئۆکرانیا.
خۆپیشاندەرێکی دیکە وتی " دەکرێت سزا بسەپێنیت کە ئابوورییەکەی بکاتە ئامانج، ئەوە گرنگە بەڵام دەبێت بیر لەوە بکەینەوە لە کاتی جەنگدا چی شتێک یارمەتی سوپای ئۆکرانیا دەدات، چەک یارمەتییان دەدات."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
دەیان هەزاران کەس لە بەرلین دژی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن