Accessibility links

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت ڕابەرایەتی پارتەکەی دەکاتەوە ئەگەربێت و هەڵبژاردنی نێو سازبکرێت

  • VOA News

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت ئامادەیە ڕێبەرایەتی پارتەکەی بکاتەوە، ئەگەربێت هەڵبژاردنی پـێش وەخت ئەنجام بدرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی شکستی هێنا لە پـێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەندی بۆ وڵاتەکەی.

خانم ئەنگێلا مێرکڵ ئەمڕۆ دووشەممە لە دوو چاوپێکەوتنی جودادا لەگەڵ هەریەک لە کەناڵی ARD و کەناڵی ZDF ی ئەڵمانی پـرسیاری لێکرا "ئایا جارێکی دیکە خۆی کاندید دەکاتەوە ئەگەربێت و لە چەند مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پـێش وەخت بکرێت؟" ئەویش لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ."

پاشان گومانێکی زۆری نیشان دا کە شیانی هەبێت حکومەتی کەمینە پـێکبهێنرێت، ئەو بژارەی بواری پـێدەدات لە دەسەڵات بمێنێتەوە، بەڵام گوتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پـێش وەخت بژارەیەکی باشترە.

خانم مێرکڵ لە میانەی چاوپـێکەوتنەکەی لەگەڵ ZDF ، جەختی لەوە کردەوە ئەڵمانیا پـێویستی بە حکومەتێکی سەقامگیر هەیە تاوەکو ناچار نەبێت لە هەموو بڕیارێکیدا پـێویستی بە زۆرینە هەبێت.

هەروەها ڕەتی کردەوە دەستبەرداری کاری سیاسی ببێت و گوتی هەنگاوێکی جێی سەرسوڕمان دەبێت ئەگەر لە ئێستادا ئەو بڕیارە بدات، بە تایبەتی لە پاش ئەو بەڵێنانەی لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی مانگی نۆ بە ئەڵمانیـیەکانی دابوو.

جێی ئاماژەیە خانم مێرکڵ کە سەرۆکایەتی قەوارەی کرستیان دەکات، شەوی یەکشەممە شکستهێنانی خۆی لە پـێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەندی لەگەڵ هەردوو پارتی سەوز و لیبراڵەکان ڕاگەیاند، بەمەش ئەڵمانیا کە خاوەن گەورەترین ئابوری یەکێتی ئەوروپایە کەوتووەتە قەیرانێکی سیاسیـیەوە.

فرانک ڤاڵتەر شتاینمایەر سەرۆکی ئەڵمانیا بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە داوای لە هەموو پارتە سیاسیـیەکان کرد بەرپـرسیارێتی پـێکهێنانی حکومەت لە ئەستۆ بگرن تاوەکو ناچار نەبن هەڵبژاردنی پـێش وەخت ئەنجام بدەن کە شیانی هەیە وڵاتەکە و ئەوروپاش لاوازبکات.

XS
SM
MD
LG