ئەڵمانیا داوای لە سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ کرد ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی چی ڕوویداوە بەسەر ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکە ماریا کولیسنیکۆڤادا، ئەمەش دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوبۆوە لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە لە مینسکی پایتەخت دەستگیرکراوە.
ماریا کولیسنیکۆڤا ئەندامی ئەنجومەنی ڕێکخستنی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیە و یەکێکە لەو سێ ئافرەتە سیاسەتمەدارەی بێلاڕوس کە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەوڵەکانیان یەکخست تاوەکو بتوانن ڕکابەری سەرۆکی وڵاتەکە ئالیکساندەر لوکاشینکۆ بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی " ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بە خاتوو کولیسنیکۆڤا. داوای ڕوونکردنەوە دەکەین لەسەر شوێنەکەی و ئازادکردنی هەموو زیندانیە سیاسییەکان لە بێلاڕوس."
ماس ئاماژەشی بەوەدا ئەڵمانیا زۆر بەخێرایی کاردەکات تاوەکو کۆمەڵێک سزای یەکێتی ئەوروپا بسەپێندرێت بەسەر بەرپرسانی بێلاڕوسدا.
ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا چەند جارێک داوایان لە لوکاشینکۆ کردووە دەست بکات بە گفتوگۆی سیاسیی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا، بەڵام لوکاشینکۆ هەمیشە ئەو داوایانەی پشتگوێ خستووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز