پیاوێکی ئەڵمانی بە مەبەست بە ئوتومبێلەکەیەوە خۆی دەکات بە کەرنەڤاڵێکدا لە شارۆچکەیەکی بچووک لە ناوەڕاستی ئەڵمانیا، لە ئەنجامدا 30 کەس برینداربوون، لە نێو بریندارەکانیشدا منداڵ هەن.
کاربەدەستانی ئەڵمانیا وتیان شۆفێرەکە هاوڵاتییەکی ئەڵمانیە و تەمەنی 29 ساڵە، لە شوێنی ڕووداوەکە لە ڤۆڵکمارسنی نزیک کاسێل دەستگیرکرا، ئەو ناوچەیە دەکەوێتە 280 کیلۆمەتر باشووری ڕۆژئاوای بەرلینەوە. لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت و گومانی ئەوەی لێدەکرێت هەوڵیدابێت خۆی بکوژێت.
وتەبێژی پۆلیسی فرانکفۆرت لە بەیاننامەیەکدا وتی " نزیکەی 30 کەس برینداربوون. ڕەوانەی نزیکترین نەخۆشخانەکان کراون، هەندێکیان برینەکانیان مەترسیدارە."
وتیشی شۆفێرەکەش بە هەمان شێوە برینداربووە.
ئاماژەشی بەوەدا " لێکۆڵینەوەکان بەدیاریکراوی لەسەر هەلومەرجی تاوانەکە بەردەوام دەبێت، لە ئێستادا هیچ زانیارییەک نیە لەسەر پاڵنەری شۆفێرەکە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە."
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس