Accessibility links

ڕێوشوێنەکانی کۆنتڕۆڵی سنووری ئەڵمانیا دەمێننەوە تاوەکو سیستمی کۆچی ئەوروپا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە


وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند ئەو ڕێوشوێنانەی کە گیراونەتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنووری وڵاتەکە ئەگەر پێویست بکات دەکرێت تاوەکو دوای 15 ی مانگی دوانزەش درێژبکرێنەوە، چونکە زۆر سەرکەوتوو بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییەکان و کۆچی نائاساییدا.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا نانسی فەیسەر ڕۆژی سێشەممە لە شاری گۆیرلیتزی سەر سنووری پۆڵەندا وتی " ڕێوشوێنەکانی کۆنتڕۆڵی سنوور تاوەکو پێویست بێت دەمێننەوە." وتیشی لەوانەیە تاوەکو ئەو کاتەی کە سیستمی کۆچی ئەوروپا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بمێننەوە.

لە مانگی دوانزەدا یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوت لەسەر یاسای نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچی نائاسایی ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەدا کە دەگەنە یەکێتییەکە، ڕەنگە لە کۆتایی ساڵی 2025 دا ڕێککەوتنەکە بە تەواوەتی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەڵمانیا ڕێوشوێنی توندتری ڕاگەیاندووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورە وشکانییەکانی لەگەڵ پۆڵەندا و کۆماری چیک و سویسرادا، ئەوەش دوای ئەوە هات ساڵی ڕابردوو داواکان بۆ مافی پەنابەرێتی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کرد.

وەزیرەکە وتیشی " سەرکەوتنی گەورەمان بە دەستهێناوە لە کەمکردنەوەی کۆچی نائاساییدا، شەڕەکەی دژ بە قاچاخچییەکان زۆر کاریگەر بووە."

وتیشی ئەڵمانیا دەبێت کۆمسیۆنی ئەوروپا ئاگادار بکاتەوە لە درێژکردنەوەی ماوەی ڕێوشوێنەکانی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکەی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG