Accessibility links

کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلیکتریک کارەکانی لەگەڵ ئێران ڕادەگرێت


کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلیکتریکی ئەمەریکایی کارەکانی لە ئێران ڕادەگرێت بەر لەو مۆڵەتەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کۆمپانیاکانی دەسـتنیشانکردووە چالاکیـیەکانیان لەو وڵاتە ڕابگرن لە پاش سەپاندنەوەی سزاکانی واشنتن بەسەر تاراندا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ئەمڕۆ هەینی ئەمەی لە زاری سەرچاوەیەک بڵاوکردەوە کە گوتویەتی جەنەڕاڵ ئەلیکتریک پابەندی بڕیارەکەی وەزارەتی خەزێنە بووە کە مۆڵەتی 180 ڕۆژی بۆ کۆمپانیاکان داناوە تاوەکو گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵبوەشێنەوە، واتە هەتا 4 ی مانگی یازدەی ئەمساڵ.

پـێشتر گوتەبێژی ئەم کۆمپانیا ئەمەریکایـیە گوتی جەنەڕاڵ ئەلیکتریک بە کارەکانی لە ئێراندا دەچێتەوە بەپـێی ئەو گۆڕانکاریـیانەی بەسەر یاساکانی ئەمەریکا بەرامبەر تاران هاتووە. گوتیشی هەرچەندە لە پاش سووکردنی سزاکانی سەر ئێران کاریان لەو وڵاتە دەسـتپـێکردووەتەوە، بەڵام قەبارەکەی زۆر نەبووە.

جەنەڕاڵ ئەلیکتریک یەکێکە لەو کۆمپانیا کەمانەی لە پاش سووکردنی سزاکانی سەر تاران لە ساڵی 2015مۆڵەتیان لە وەزارەتی خەزێنەی وەرگرتبوو بۆ کارکردن لەگەڵ ئێراندا. بەمەش جەنەڕاڵ ئەلیکتریک بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار گرێبەستی لەگەڵ ئێراندا مۆرکرد بۆ فرۆشتی ئامێرە کارەبایـیەکان، بە تایبەت ئەوانەی بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتیـیەکان بەکاردەهێنرێن.

بەڵام هەردوو کۆمپانیای بۆینگ و ئێرباس کە تایبەتن بە دروستکردنی فڕۆکە، ئەوان بە بەهای ملیاران دۆلار گرێبەستیان لەگەڵ ئێراندا مۆرکردووە و هێشتا ڕایانەگەیاندووە ئایا بەنیازن گرێبەستەکانیان هەڵبوەشێننەوە یان نا.

XS
SM
MD
LG