Accessibility links

بەرلین: سەرۆکی تورکیا ناتوانێت لە ئەڵمانیا وتار پـێشکەش بکات

  • VOA News

کاربەدەسـتانی ئەڵمانیا دەڵێن سەرۆکی تورکیا داوایکردووە لە میانەی سەردانەکەی بۆ وڵاتەکەیان بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی G20، وتارێـک پـێشکەشی ڕەوەندی تورکی بکات، بەڵام لە لایەن بەرلینەوە داواکەی پەسەند نەکراوە.

زیگمار گابرێل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتی داوایەکی فەرمیـیان لە تورکیاوە پـێگەیشتووە کە تیایدا نووسراوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەخوازێت قسە بۆ ڕەوەندی تورکی بکات.

گوتیشی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بە هاوتا تورکەکەی گوتووە ئەڵمانیا ئەم داوایە بە بیرۆکەیەکی باش دانانێت لەم کاتەی کۆنگرەی G20 لە 7 و 8 ی مانگی حەوت لە لە هامبۆرک سازدەکرێت و پـێشبینی دەکرێت خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە دژی گروپی G20 سازبکرێت و زیاتر لە 100 هەزار خۆپـیشاندەر تیایدا بەشداربن.

هەروەها گوتی بە ڕاشکاوانە بە هاوتا تورکەکەی ڕاگەیاندووە هەروەها بەهۆی ئەو گرژیانەی لەگەڵ تورکیا دروستبوون پـێشکەشکردنی ئەم وتارە شتێـکی گونجاو نابێت، بەڵام وەکو میوانێـکی کۆنگرەکە بە گەرمی و ئەوپەڕی ڕێزەوە پـێشوازی لێدەکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی تێگەیشتنی بۆ تێبینیـیەکانی مارتن شوڵز کاندیدی پارتی سۆشیال دیموکرات بۆ پـۆستی ڕاوێژکاری وڵاتەکە (سەرۆک وەزیر) هەیە کە گوتویەتی " ئەو سیاسەتکارە بیانیانەی بەهاکانمان پـێشێل دەکەن دەبێت ڕێگەیان پـێنەدرێت وتاری هاندەر لە ئەڵمانیا پـێشکەش بکەن. نامەوێت ئەردۆغان کە ڕۆژنامەوانان و ئەندامانی ئۆپـۆزسیۆن دەخاتە زیندانەوە بێت لە ئەڵمانیا چالاکی بۆخۆی سازبکات."

عومەر چەلیک وەزیری تورکیا بۆ وتووێژەکان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەم بارەیەوە ناڕەزایی دەربڕی و گوتی سیاسەتکارانی ئەڵمانیا سیاسەتێـکی دووفاقی پەیڕەو دەکەن. پاشان ڕەخنەی لە مارتن شوڵز گرت، دەڵێت ئەو کاتەی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بوو چاوپـۆشی لەو پـێشەنگانە دەکرد کە لە لایەن پەکەکەوە لە ناو پەرلەمانی ئەوروپا دەکرانەوە.

XS
SM
MD
LG