Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشیاری دەدات لەوەی 200 هەزار کەس لە غەزە پێویستیان بە یارمەتی تەندروستیە


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند نزیکەی 200 هەزار کەس لە کەرتی غەزە پێویستیان بە یارمەتی تەندروستی هەیە.

ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردەوە " ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی یارمەتییەکانی فراوانتر کردووە بە ئامانجی ئەوەی یارمەتی تەندروستی پێشکەشی نزیکەی 200 هەزار کەس بکات لە سەرانسەری کەرتی غەزەدا."

بەپێی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە لە 10 ی مانگی پێنجەوە تاوەکو 21 ی هەمان مانگ 254 هاوڵاتی فەڵەستینی لە غەزە کوژراون و 66 منداڵ و ژمارەیەک لە چەکدارانی گروپە فەڵەستینیەکانی تێدابووە.

هاوکات بەهۆی هەڵدانی موشەکەوە لە کەرتی غەزەوە بۆ ئیسڕائیل 12 هاوڵاتی ئیسڕائیلی کوژران کە لە نێویاندا منداڵێک و کچێک و سەربازێکیان تێدابووە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی ململانێکانی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 77 هەزار کەس و 30 دامەزراوەی تەندروستیش لە کەرتی غەزە زیانیان بەرکەوتووە.

سەرۆکی ئۆفیسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ غەزە و کەناراوەکانی ڕۆژئاوا ڕیک بیبەرکۆرن وتی " ژیانی فەڵەستینیەکان لە خراپ بووندایە، زۆرێک لەوانەی بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە پێویستان بە یارمەتی بەپەلە هەیە و ڕووبەڕووی مەترسی تەندروستی بوونەتەوە، لەوانەش ڤایرۆسی کۆرۆنا."

ڕیک بیبەرکۆرن ئاماژەی بەوەشدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تاوەکو ئێستا یارمەتی تەندروستی پێشکەشی زیاتر لە " دوو هەزار بریندار کردووە لە کەرتی غەزەدا."

بیبەرکۆرن داواشی کرد " ڕێگە بدرێت بەبێ هیچ کۆتوبەندێک یارمەتیە مرۆییەکان و کارمەندان بچنە کەرتی غەزەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG