Accessibility links

بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەززە، لانیکەم 42 کەس دەکوژرێن


بەڕێوبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتەکەی حەماس لە غەززە ڕایگەیاند بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر شاری غەززەی باکووری کەرتی غەززە لانیکەم 42 کەس کوژراون.

ئیسماعیل ئەلثەوابیتە بە ڕۆیتەرزی وت هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل بۆ سەر خانووەکان لە ئەلشاتی و هێرشێکی ئاسمانی دیکە بۆ سەر کامپێکی پەنابەران لە کەرتی غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی 24 کەس. لە هێرشێکی ئاسمانی دیکەدا بۆ سەر خانووەکانی گەڕەکی ئەلتوفە 18 فەلەستینی دیکە کوژراون.

سوپای ئیسڕائیل بەیاننامەیەکی کورتی بڵاوکردەوە و وتی " ماوەیەکی کەم بەر لە ئێستا فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل لە دوو شوێنی ژێرخانی سەربازیی حەماسییان داوە لە شاری غەززە."

وتیشی بەمزووانە وردەکاری زیاتر بڵاودەکرێنەوە.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG