Accessibility links

گفتوگۆکانی ئاگربەست لە غەززە لە دەوحە دەستپێدەکەنەوە


سەرۆکی میسڕ عەبدلفەتاح سیسی
سەرۆکی میسڕ عەبدلفەتاح سیسی

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەل قاهیرە نیوز بڵاویکردەوە دوای کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی میسڕ عەبدلفەتاح سیسی و بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس، گفتوگۆکانی ئاگربەست لە غەززە ڕۆژی چوارشەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ دەست پێدەەنەوە و دواتر ڕۆژی پێنجشەممە دەگەڕێنەوە بۆ قاهیرە.

ئەل قاهیرە نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵاوە بڵاویکردەوە ڕۆژی چوارشەممە شاندێکی ئاسایشی میسڕ دەچن بۆ دەوحە، " لە ئەرکێکدا بۆ نزیک کردنەوەی بۆچوونەکان لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست بە زووترین کات."

سەرچاوەکە وتی " ڕێککەوتنێک هەیە لەسەر زۆرێک لە خاڵەکان." وتیشی گفتوگۆکان ڕۆژی پێنجشەممە دەگەڕێنەوە بۆ قاهیرە.

میسڕ و قەتەڕ لە ماوەی جەنگە نۆ مانگەییەکەی غەززەدا نێوەندگرییان کردووە لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، ئەوەش بە هیوای کۆتایی هێنان بە شەڕەکە و مسۆگەرکردنی ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان لە غەززە و لە بەرامبەریشدا ئازادکردنی ئەو زیندانییە فەلەستینییانەی کە لە ئیسڕائیل زیندانی کراون.

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکاش لە ناوچەکە بوون بە مەبەستی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک، ئەمەش دوای ئەوەی حەماس دەستبەرداری هەندێک لە مەرجەکانی بوو بۆ ئاگربەست، بەڵام حەماس وتی هێرشە نوێیەکەی ڕۆژی دووشەممەی ئیسڕائیل لە بۆ سەر غەززە مەترسی لەسەر گفتوگۆکانی ئاشتی دروست کردووە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا، هەروەها داوای لە نێوەندگرەکان کرد فشار بکەنە سەر سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو.

سەرۆکایەتی میسڕ لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەکەی سیسی لەگەڵ بێرنسدا لە قاهیرە وتی " سەرۆک سیسی جەختی لە هەڵوێستی میسڕ کردووەتەوە لە ڕەتکردنەوەی بەردەوامیداندا بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتی غەززەدا."

وتیشی سیسی جەختیشی لە پێویستییەکان کردووەتەوە بۆ " گرتنەبەری هەنگاوی جددی و کاریگەر " بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکەی ناو غەززە بە ناوچەکەدا.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 38,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG