Accessibility links

غەزە موشەک دەهاوێژێت و ئیسڕائیلیش بە هێرشی ئاسمانی وەڵام دەداتەوە


چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ئیسڕائیلەوە گەیشتە سعودیە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر غەزە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمەڵێک موشەک لە غەزەوە ئاڕاستەی ئیسڕائیل کران.

مەبەست لە گەشتەکەی سەرۆک بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشکردنی پەیوەندییەکانی ئیسڕائیلە لە ناوچەکەدا.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت دوو دامەزراوەی حەماسییان کردۆتە ئامانج، حەماس فەرمانڕەوایی غەزەی گەمارۆدراو دەکات. یەکێک لە ئامانجەکان وێستگەیەکی ژێرزەمینی دروستکردنی موشەک بووە.

شایەتحاڵەکان لە غەزە دەڵێن ئەو دوو شوێنەی کە لێیان دراوە کامپی مەشقی سەربازیی حەماس بوون، زیانی گیانیشی لێنەکەوتۆتەوە.

حەماس سەرکۆنەی سەردانەکەی بایدنی کردووە، وتەبێژی حەماس فەوزی بارهوم وتی بۆردومانەکانی ئیسڕائیل " ڕەنگدانەوەی ئەو پشتیوانییەی ئەمەریکایە کە لایەنە زایۆنییەکە وەریگرتووە بۆ بەردەوامیدان بە دوژمنکاری و تاوانەکانی."

باهروم گوتی چەکدارەکان تەقەیان لە فڕۆکەکانی ئیسڕائیل کردووە.

ڕۆژی شەممە دووجار زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە لە باشووری ئیسڕائیل لێدران، وەکو ئاگادارییەک بۆ هاتنی موشەک.

سوپای ئیسڕائیل گوتی موشەکێکیان بەرپەرچدراوەتەوە و سێ موشەکی دیکە کەوتوونەتە شوێنێکی کراوەوە.

هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی هێرشە موشەکییەکەی سەر ئیسڕائیلی ڕانەگەیاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG