Accessibility links

ڕەوشی مرۆیی لە غەززە


ڕۆژی هەینی ئیسڕائیل و حەماس ئاگربەستێکی چوار ڕۆژەییان ڕاگەیاند و ڕێکخراوە مرۆییەکانیش هیوادارن بتوانن ئەو وەستانە لە شەڕەکەدا بەکاربهێنن بۆ زیادکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە.

کەمی خۆراک و سوتەمەنی و ئاوی خواردنەوە و دەرمانەکان لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا خراپتر بووە و ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشدارییان داوە لە بڵاوبوونەوەی پەتا کە دەبێتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی گیان لە دەستدان. چەند هەفتەیەکە بەشێک لە باکووری غەززە لە دەرەوە دابڕاون، وتەبێژێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دۆخەکەی ناو غەززە بە " دۆزەخ لەسەر زەوی " ناودەبات.

ئاوارەبوون:

ئۆفیسی ڕێکخراوی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 1.7 ملیۆن هاووڵاتی لە کۆی 2.3 ملیۆن دانیشتووەکەی غەززە لە ناوخۆی غەززەدا ئاوارەبوون، نزیکەی 1 ملیۆن کەسییان لە لانیکەم 156 پەناگەدا دەمێننەوە کە لەلایەن دەزگای پەنابەرانی فەلەستینییەوە بەڕێوەدەبرێت.

پەناگەکان پڕبوون لە خەڵک، بە شێوەیەک چوار هێندەی توانای پەناگەکان خەڵکییان تێدایە، دەیان هەزاران هاووڵاتی سڤیلیش ناچار بوون بەرەو باشوور هەڵبێن، ئەوەش لە دەست بۆردومانەکانی ئیسڕائیل لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا. بەڵام باشووری غەززەش بە هەمان شێوە لەلایەن ئیسڕائیلەوە بۆردومان دەکرێت و بووەتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل و بریندار بوونییان.

ڕێکخراوی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی زۆربەی ئەو پیاو و کوڕە گەورەترانەی کە ئاوارەبوون لە دەرەوە دەخەون، لە تەنیشت دیواری دەرەوەی پەناگەکان. هەندێک لە خێزانەکان خێمەیان لە دەرەوەی پەناگەیەک لە شاری خان یونس هەڵداوە.

نەخۆشخانەکان:

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان دەڵێت بەهۆی بۆردومانەکان و نەبوونی سوتەمەنییەوە، هیچ کام لە نەخۆشخانەکانی باکووری غەززە بە شێوەیەکی ئاسایی کارناکەن. ڕێکخراوی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت تەنها 8 نەخۆشخانە لە کۆی 11 نەخۆشخانەکەی باشووری غەززە چالاکن و تەنها یەکێکییان دەتوانێت نەشتەرگەری ئاڵۆز ئەنجام بدات.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان دەڵێت داوای لێکراوە یارمەتی بدات لە گواستنەوەی نەخۆشەکانی سێ نەخۆشخانەی باکووری غەززە و پلانەکان لە جێبەجێکردندان.

ئۆکسفام دەڵێت لە مانگی ڕابردوودا ژمارەی منداڵبوونی پێشوەخت نزیکەی سێیەک لە غەززە زیادیکردووە، ئەمە لە کاتێکدا کە دایکەکان ڕووبەڕووی فشاری زۆر و تراوما بوونەتەوە.

گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان:

خاڵی سنووری ڕەفەحی نێوان میسڕ و غەززە لە 21 ی مانگی 10 دا دووبارە بۆ گەیاندنی یارمەتییەکی مرۆیی سنووردار کرایەوە، تاوەکو ئێستا سەرجەم خاڵە سنوورییەکانی دیکە بۆ غەززە بە داخراویی ماونەتەوە.

لە 23 ی مانگی یانزەدا 80 بارهەڵگر بە یارمەتیی مرۆییەوە لە میسڕەوە چوونە ناو غەززەوە.

میسڕ وتی کاتێک ئاگربەستەکە دەستپێدەکات، ڕۆژانە 130,000 لیتر دیزڵ و چوار باری گاز دەگەیەندرێنە غەززە، ڕۆژانەش 200 بارهەڵگر بە یارمەتی مرۆییەوە دەچنە ناو غەززەوە.

ئاو:

ڕێکخراوی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت گەیشتنی سوتەمەنی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا یارمەتیدەر بووە لە دەرهێنانی ئاوی بیرەکان و وێستگەکانی پەمپکردنی ئاو کارەکانییان لە باشووری غەززە دەستپێکردووەتەوە. بەڵام نیگەرانی جددی هەن لەسەر مەترسی وشکبوونەوە لە باکووردا، کە لەوێ وێستگەی بێ خوێکردنی ئاو و ئەو بۆرییە ئاوەی کە لە ئیسڕائیلەوە هاتووە و ئاوی باکووری غەززە دابین دەکات کارناکەن.

وتیشی وێستگەکانی چارەسەرکردنی ئاوی پیس بەوپەڕی توانای خۆیانەوە کارناکەن، ئەوەش بەهۆی زیانەکان و کەمی سوتەمەنییەوە و ئاوەڕۆکانیش لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لە نزیک ڕەفەح هاتوونەتەوە سەر شەقامەکان.

سوتەمەنی:

ئیسڕائیل ڕێگەیداوە ڕۆژانە بڕێکی سنووردار لە سوتەمەنی لە میسڕەوە بچێتە ناو غەززەوە، لە 23 ی مانگی یانزەدا 75,000 لیتر گەیشتووەتە غەززە.

سوتەمەنییەکە لەلایەن دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری فەلەستینییەکانەوە دابەش دەکرێت، ئەوەش بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە دابەشکردنی خۆراک و کارکردنی بزوێنەرەکان لە نەخۆشخانەکان و دامەزراوەکانی ئاو و پەناگەکان و خزمەتگوزارییە گرنگەکانی دیکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG