Accessibility links

ئەو کۆرپە فەلەستینییەی لە سکی دایکە مردووەکەیدا ڕزگارکرابوو، گیان لەدەستدەدات


کچێکی ساوای فەلەستینی کە دوای هێرشی ئیسرائیل لە باشووری غەززە لە سکی دایکە مردووەکەیدا لە مردن ڕزگارکرابوو، گیانی لەدەستدا. ئەم کۆرپەیە کە ناوی سەبرین ئەلروح بووە، یەکشەممەی ڕابردوو بە نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی شاری ڕەفەح لەدایک بوو.

دایکی کۆرپەکە بەناوی سەبرین ئەلسکانی شەوی شەممە لە هێرشێکی ئاسمانیدا، ماڵەکەی لە ڕەفەحی باشووری کەرتی غەززە بەرکەوتووە و بە سەختی بریندار بووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.هەروەها هاوسەرەکەی، شوکری و کچە سێ ساڵانەکەیان، مەلەک گیانییان لە دەستداوە.

سەبرین لە هەفتەی 30 دووگیانیدا بووە، دوای ئەوەی بریندار بووە بەپەلە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیماڕاتی لە ڕەفەح. بەهۆی برینەکانییەوە گیانی لە دەستداوە بەڵام پزیشکەکان توانیویانە لە ڕێی نەشتەرگەرییەوە کۆرپەکەی ڕزگار بکەن.

محەمەد سەلامەی پزیشک و بەرپرسی فریاکەوتنی خێرا لە نەخۆشخانەی ئیماڕاتی وتی کۆرپەکە کێشەی هەناسەدانی هەبووە و بەرگری لەشی لاواز بووە. سەلامە لەو چەند ڕۆژەی کە کۆرپەکە لە ژیاندا بووە گرنگی پێداوە.

کۆرپەکە ڕۆژی پێنجشەممە گیانی لە دەستداوە.

سەلامە لە ڕێی تەلەفونەوە بە ڕۆیتەرزی وت "من و پزیشکەکانی دیکەش هەوڵماندا ژیانی ڕزگار بکەین، بەڵام گیانی لە دەستدا. بۆ من بە تایبەتی ڕۆژێکی زۆر قورس و بە ئازار بوو."

وتیشی " لە کاتێکدا لە دایک بوو کە سیستمی هەناسەدانی تەواو پێنەگەیشتبوو، بەرگری لەشیشی زۆر لاواز بوو، ئەوەش بووە هۆی مردنی. وەکو شەهیدێک بە خێزانەکەی شاد بووەوە."

بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە زیاتر لە 34,000 فەلەستینی کوژراون، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. ئیسڕائیل ڕەتی دەکاتەوە لە ماوەی هەڵمەتەکەیدا بۆ لە ناوبردنی حەماس بە مەبەست هاووڵاتییانی سڤیلی کردبێتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG