Accessibility links

لوبنان دوو کەسی سوریایی دەسـتگیردەکات بە تاوانی کوشتنی بێژەرێکی بەریتانی


هێزەکانی ئاسایشی لوبنان دوو کەسی سوریایـیان دەستگرکرد بە تۆمەتی کوشتنی بێژەرێکی بەریتانی لە نزیک بەیرووتی پایتەخت.

گاڤن فۆردی تەمەن 53 ساڵ ڕۆژی سێشەممە تەرمەکەی لە ئەپارتمانەکەی لە شارۆچکەی بێت مری باکوری ڕۆژهەڵاتی بەیرووت دۆزرایەوە. ناوبراو لە ساڵی 1995 وە لە لوبنانە و وەک بێژەر لە ڕادیۆ وەن Radio One کاریکردووە و بووە بە کەسایەتیەکی ناسراو لە لوبنان، بە تایبەتی لە ڕێگەی بەرنامەکەی بە ناوی "Gavin Ford in the Morning" .

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی لوبنان ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند دوو تاوانبارە سوریایـیەکە یەکێکیان تەمەنی 27 ساڵە و ئەوی دیکەیان 23 ساڵ، هەردووکیان دانیان بە تاوانەکەیان ناوە کە بە مەبەستی دزیکردن کوشتوویانە.

پـۆلیس دەڵێت هەردوو تاوانبارەکە پاش ئەوەی گاڤن فۆردیان کوشتووە، هەستاون بە دزینی شتەکانی، لەوانە مۆبایلەکەی و دواتر بە ئۆتۆمبیلەکەشی هەڵهاتوون.

ڕووداوەکە ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە، بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان کە هەوادارێکی زۆری هەبوو بەهۆی بەرنامەکەیەوە.

کرێس ڕامبلینگ باڵیۆزی بەریتانیا بۆ لوبنان ڕۆژی سێشەممە ماتەمینی خۆی دەربڕی و گوتی بە هەواڵی مەرگی گاڤن فۆرد تووشی شۆکبووە.

XS
SM
MD
LG