Accessibility links

کۆمەڵەی حەوت " تاوەکو پێویست بکات " لە پاڵ ئۆکرانیادا دەوەستێت


وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت بەڵێنیاندا " تاوەکو پێویست بکات " لە پاڵ ئۆکرانیادا بوەستن، بەڵێنیاندا فشارەکانی سەر ئابووری ڕووسیا توندتر بکەنەوە و سزای نوێ بسەپێنن بەسەر مۆسکۆدا، لەوانەش پێشنیارێک بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی ڕووسیا.

ڕاگەیاندنەکە دوای ئەوە هات سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە وتارێکی پێشکەشی کۆبوونەوەکەی ڕابەرانی کۆمەڵەی حەوت کرد و داوای چەک و سیستمی بەرگری ئاسمانی کرد، تاوەکو بتوانن باڵادەست بن لە جەنگەکەی دژ بە ڕووسیادا.

ڕابەرانی کۆمەڵەی حەوت لە بەیاننامەیەکدا گوتیان " بەردەوام دەبین لە دابینکردنی پشتیوانی دارایی و مرۆیی و سەربازیی و سیاسیی و تاوەکو پێویست بکات لە پاڵ ئۆکرانیادا دەوەستین."

دوای هێرشە موشەکییەکانی ڕۆژی یەکشەممە بۆ سەر کیێڤ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی ئەمەریکا کۆمەڵێک چەکی نوێی مەودا درێژی سیستمی بەرگری ئاسمانی و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا ئامادە دەکات.

لە ئاماژەیەکدا بۆ وتارەکەی زێلێنسکی، سۆلیڤان گوتی " ئەوەی بیری لێدەکردەوە ئەو هێرشە ئاسمانییانە بوو کە کرانەسەر کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا، هەروەها ئارەزووشی بۆ دەستکەوتنی توانای زیاتری بەرگری ئاسمانی کە بتوانێت لە ئاسماندا موشەکە ڕووسییەکان بخاتە خوارەوە."

وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت گوتیان ئامادەن پشتیوانی ئاسایش لە دوای جەنگەکەش بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن. هەروەها بەڵێنیشیاندا ئامادەن 29.5 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا تەرخان بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG