Accessibility links

کۆمەڵەی حەوت داوای یەکگرتوویی دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە جیهانیەکاندا


ڕۆژی سێشەممە وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت لە لەندەن دوای دوو ساڵ یەکەمین کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدەن تاوەکو تاوتوێی چۆنێتی وەڵامدانەوەی هەڕەشە جیهانیەکان بکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆسییەی چین و میانمار و لیبیا و سوریا و ڕوسیا دەکرێت، ئەمەش پێش ئەوەی سەرۆکەکانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت مانگی داهاتوو لە باشووری بەڕیتانیا کۆببنەوە.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت باس لە کردەوە توندوتیژەکانی ناو ئیسیوپیا و دۆسیەی ئێران و کۆریای باکوور و سۆماڵ و ناوچەی بەلکان دەکەن کە لەوێ کۆمەڵێک " کێشەی جیۆسیاسیی هەیە کە هەڕەشەیە لەسەر دیموکراسیەت و ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ."

ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب چاوی بە هاوتا ئەمەریکیەکەی ئەنتۆنی بلینکن کەوت و داوای یەکگرتووییان کرد.

ڕاب لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەرۆکایەتیکردنی کۆمەڵەی حەوت لەلایەن بەڕیتانیاوە هەلێک دەڕەخسێنێت بۆ کۆکردنەوەی وڵاتانی دیموکراتخواز و دەربڕینی یەکگرتوویی لە کاتە سەختەکاندا تاوەکو ڕووبەڕووی هەڕەشە و کێشە هاوبەشەکان ببینەوە."

کۆبوونەوەی نێوان بەشداربووان بەپێی ڕێکارە تەندروستیەکان دەبێت، ئەوەش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لەو ڕیکارانەش کەمکردنەوەی ئەندامانی شاندەکان و سەپاندنی بەکارهێنانی دەمامک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و دانانی بەربەستی شەفاف لەنێوان بەشداربوواندا.

بلینکن لە میانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ دۆمێنیک ڕاب وتی " هیچ وڵاتێک ناتوانێت بە تەنها بەشێوەیەکی چالاک بەڕووی هەر کێشەیەکدا بوەستێت کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، تەنانەت ئەمەریکا و بەڕیتانیاش."

نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپاش بەشدار دەبن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە وڵاتەکانی ئەڵمانیا و کەنەدا و ئەمەریکا و فەڕەنسا و ژاپۆن و ئیتاڵیا و بەڕیتانیا.

لەلایەکی دیکەشەوە بەڕیتانیا هەریەک لە هیندستان و ئوستڕالیا و کۆریای باشوور و باشووری ئەفریقا و وڵاتانی باشووری ئاسیا ( ئاسیان ) ی بانگهێشت کردووە.

دوای کۆبوونەوەکانی لە لەندەن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بەرەو کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەچێت تاوەکو جەخت لە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا بکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕوسیا هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا زیادکرد و بەوەش گرژییەکان لەگەڵ مۆسکۆدا زیادییانکرد.

ڕۆژی دووشەممەش بلینکن داوای لە کۆریای باکوور کرد پابەندی ڕێگە دیبلۆماتیەکان بێت.

سەبارەت بە چینیش کە ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆتەوە لەسەر سەرکوتکردنی کەمینەکانی ویگۆر و دیموکراتخوازەکانی هۆنگ کۆنگ، وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب وتی " دەرگا کراوەیە " لەبەردەم باشکردنی پەیوەندییەکاندا. وتیشی " بەڵام ئەوە بەندە بە ڕەفتار و کردارەکانەوە."

سەبارەت بە میانماریش بەشداربووان تاوتوێی کودەتاکەی مانگی دووی ئەو وڵاتە دەکەن و ڕاپۆرتێک لەسەر ڕەوشەکە بڵاودەکەنەوە. واچاوەڕوانیش دەکرێت ڕاب داوا لە بەشداربووان بکات ڕێوشوێنی توند بەرامبەر ئەنجومەنی سەربازی میانمار بگرنەبەر.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG