Accessibility links

ڕابەرانی کۆمەڵەی حەوت یەکگرتوویی خۆیان دەردەبڕن دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا


ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە هاوینەهەوارێکی باڤاریان ئاڵپسی ئەڵمانیا کۆبوونەوە، هەوڵیاندا بەرەیەکی یەکگرتوو پیشان بدەن دژی داگیرکارییەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە ئۆکرانیا، هاوکات تاوتوێی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگەکە دەکەن لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک و وزە لە جیهاندا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پێش کۆبوونەوە فەڕمییەکەی کۆمەڵەی حەوت کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و ڕابەرانی کەنەدا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و یەکێتی ئەوروپادا ئەنجامدا.

شۆڵز وتی " ئەڵمانیا و ئەمەریکا هەمیشە پێکەوە دەجوڵێن کاتێک پرسەکە دێتە سەر بابەتی ئاسایشی ئۆکرانیا، جارێکی دیکەش ئەوەمان بەڕوونی پیشاندا."

شۆڵز لەمدواییانەدا بە پەرلەمانی وڵاتەکەی وت " کۆبوونەوەکە دەبێت نەک تەنها پەیامی یەکگرتوویی ناتۆ و کۆمەڵەی حەوت بنێرێت، بەڵکو پەیامێکیشە لەسەر ئەوەی دیموکراسییەکانی جیهان پێکەوە دژی ئیمپریالیزمی پوتن دەوەستن، بە هەمان شێوەی وەستانیان دژی هەژاری و برسێتی."

پێش کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت، ڕووسیا هێرشی موشەکی نوێی کردەسەر دوو شارە گەورەکەی ئۆکرانیا، کیێڤی پایتەخت و خارکیڤ، تەنانەت لەکاتێکدا کە ڕابەرانی کۆمەڵەی حەوت گفتوگۆیەکییان کرد لەسەر چۆنێتی پەراوێزترخستنی مۆسکۆ.

دواتر سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن بە پڕۆگرامێکی سی ئێن ئێنی وت وڵاتانی ڕۆژئاوا ناتوانن ملکەچی شەکەت بوون ببن لە شەڕی دژ بە ڕووسیادا و دەبێت " هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئازادی و دیموکراسی."

سەرۆک بایدن ڕایگەیاند وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت هاوردەکردنی زێڕی ڕووسیا قەدەغە دەکەن، ئەمەش نوێترین سزایە لەو سزا ئابوورییە توندانەی کە بەسەر ڕووسیادا سەپێندراون بەهۆی داگیرکارییەکەوە لە ئۆکرانیا.

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت، ڕابەرانی جیهان گەشت دەکەن بۆ مەدریدی ئیسپانیا و بەشداری لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا دەکەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG