Accessibility links

کۆمەڵەی حەوت هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا قەدەغە دەکات


ڕۆژی یەکشەممە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیایان قەدەغەکرد و ئەمەریکاش سەپاندنی سزای بەسەر بەڕێوبەرەکانی بانکی گازپڕۆمی ڕووسیا و خاوەن کارەکانی دیکەی ئەو وڵاتەدا ڕاگەیاند.

ئەم هەنگاوەش نوێترین ڕێوشوێنی ڕۆژئاوایە بۆ فشار خستنە سەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن تاوەکو کۆتایی بە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بهێنێت.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەشداری لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتدا کرد کە لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە ئەنجامدرا، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کۆمەڵێک بابەت کرا، لەوانەش جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا و پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر دژی ڕووسیا.

وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان " پابەندین بە کەمکردنەوەی پشت بەستنمان بە وزەی ڕووسیاوە، ئەوەش لەڕێی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیاوە. دڵنیا دەبینەوە لەوەی بەشێوەیەکی ڕێکخراو و گونجاو ئەمە جێبەجێ بکەین. پێکەوە و لەگەڵ هاوبەشەکانماندا کاردەکەین تاوەکو دڵنیا ببینەوە لە دابینکردنی وزە و پاراستنی لە جیهاندا و بەدەستخستنی بە نرخێکی گونجاو."

هاوکات ئەمەریکا سەپاندنی سزای بەسەر سێ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ڕووسیدا سەپاند، هەروەها لەسەر ئەمەریکییەکانی قەدەغەکرد خزمەتگوزاری ژمێریایی و ڕاوێژکردن بدەن بە ڕووسییەکان، هەروەها کۆتوبەندی خستەسەر ڤیزای 2,600 بەرپرسی ڕووسیا و بێلاڕووس.

سزاکان بەڕێوبەرانی جێبەجێکاری بانکی گازپڕۆمی ڕووسی دەگرنەوە کە گەورەترین کۆمپانیای هەناردەکردنی گازی ڕووسییە.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ئەو بەڕێوبەرانەی بانکی گازپڕۆم کە سزاکانی ئەمەریکا گرتوونییەتەوە ئالێکی میڵەر و ئاندرێی ئاکیمۆڤن.
بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن وتی " ئەمە قەدەغەكردنی تەواوەتی نیە، سەرمایەکانی بانکی گازپڕۆم سڕ ناکەین یاخود مامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکەدا قەدەغە ناکەین. تەنها ئاماژە بەوە دەدەین کە گازپڕۆم پەناگەیەکی پارێزراو نیە، لەبەر ئەوە سزا بەسەر کۆمەڵێک بەڕێوبەری باڵایاندا دەسەپێنین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG