Accessibility links

کۆمەڵەی حەوت 18.4 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا پەسەند دەکەن


بەپێی ڕەشنووسی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی حەوت وەزیرانی دارایی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ڕێکەوتوون لەسەر دابینکردنی 18.4 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا تاوەکو حکومەتی ئەو وڵاتە بتوانێت لە مانگەکانی داهاتوودا موچەی هاوڵاتیانی بدات، وتیشیان ئامادەن لەماوەی جەنگەکەی ڕووسیادا دژی ئۆکرانیا لە پاڵ کیێڤدا بوەستن و ئەگەر پێویست بکات یارمەتی زیاتری دەدەن.

وەزیرانی دارایی و بەڕێوبەرانی بانکی ناوەندی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ' ئەمەریکا و ژاپۆن و کەنەدا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا ' لە کۆبوونەوەدان لەکاتێکدا کە ئۆکرانیا ڕووبەڕووی داگیرکاری ڕووسیا بووەتەوە کۆشش دەکات لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکاندا و قەیرانی داراییش ڕووی لە وڵاتەکە کردووە.

بەپێی ڕەشنووسی ڕاگەیاندنەکەی کۆمەڵەی حەوت کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بیندراوە، " بۆ ساڵی 2022 ، 18.4 ملیار دۆلارمان وەکو پشتیوانیەک بۆ بودجە دابین کردووە."

وتیشی " بەردەوام لە پاڵ ئۆکرانیادا دەوەستین لە ماوەی ئەم جەنگەدا و ئامادەین شتی زیاتر بکەین ئەگەر پێویست بکات."

لە ڕەشنووسەکەدا کۆمەڵەی حەوت پێشوازی لە پێشنیارەکەی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا کرد بۆ پێدانی قەرزێکی 9 ملیار یۆرۆی بۆ ئۆکرانیا و ئاماژەی بەوەدا بانکی ئەوروپا بۆ دووبارە بونیادنانەوە و گەشەپێدان و هاریکاری دارایی نێودەوڵەتی پلانیان هەیە 3.4 ملیار دۆلار وەکو پشتیوانی بدەن بە ئۆکرانیا. بەڵام ڕوون نیە کە ئایا ئەو بڕە پارەیە بەشێکە لە 18.4 ملیارەکە یاخود بەجیا دەدرێت بە ئۆکرانیا.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دارایی ئەڵمانیا کریستیان لیندنەر وتی ئەڵمانیا 1 ملیار یۆرۆ دەدات بە ئۆکرانیا، ژاپۆنیش وتی یارمەتییەکانی بۆ ئۆکرانیا دوو هێندە دەکات و 600 ملیۆن دۆلاری دەداتێ تاوەکو پێویستیەکانی بۆ ماوەیەکی کورت دابین بکات.

ئۆکرانیا دەڵێت مانگانە پێویستی بە 5 ملیار دۆلار هەیە تاوەکو بتوانێت موچەی کارمەندانی گشتی و حکومەتەکەی بدات.

لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە دەڵێت " داوا لە سەرجەم هاوبەشەکانمان دەکەین بەشدار بن لەگەڵماندا لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا و دڵنیا بوونەوە لەوەی هەوڵەکان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئۆکرانیا بە هەماهەنگییەکی نزیکەوە بێت، بە هاریکاریی بێت لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتیەکاندا."

ئابووریناسان بە خەمڵاندنی خۆیان دەڵێن خەرجی دووبارە بونیادنانەوەی ئۆکرانیا لەنێوان 500 ملیار یۆرۆوە بۆ 2 تریلیۆن یۆرۆ دەبێت، ئەوەش پەیوەست دەبێت بە ماوەی جەنگەکە و مەودای کاولکارییەکەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG